تاقیكردنەوەی توانستی زانستی دبلۆمی باڵای تەندروستی ئەنجامدرا
لەدرێژەی كارە زانستی و ئەكادیمییەكانی كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، رۆژی سێشەممە (2017/7/4) كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی سلێمانی بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان-بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی هەستا بە ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی بۆ پێشكەشكارانی دبلۆمی باڵای (دووساڵە) لە پسپۆری تەندروستی كۆمەڵداو تاقیكردنەوەكە بە سەركەوتوویی ئەنجامدرا.
شایەنی باسە بۆ یەكەمجارە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دبلۆمی باڵای دووساڵە بۆ خوازیارانی میلاكی وەزارەتی تەندروستی لە بواری تەندروستی كۆمەڵدا بكرێتەوە و بەخۆشحاڵییەوە كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی پێشەنگی كردنەوەی ئەمجۆرە خوێندنە سوودبەخشەبوون لە هەرێمی كوردستان.
كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی كە سەر بەزانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیییە له ئێستادا بەشەكانی (تەندروستی كۆمەڵ، شیكاری نەخۆشییەكان، تەكنیكی بێهۆشكاری) لەخۆدەگرێت و بڕوانامەی بەكالۆریۆس و ماستەرو دكتۆراش دەبەخشێتە خوازیاران و ئارەزوومەندانی خوێندنی بوارە تەكنیكییە پزیشكییەكان.