هەواڵ و چالاکیهەواڵی سەرەکی

سەرۆکی زانکۆ ئامادەی دەست بەکاربوونی ڕاگرانی پەیمانگە تەکنیکییەکانی سلێمانی بوو

بەسەرپەرشتی پرۆفیسۆر د.هوشیار عبدالله عزیز سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و، بەئامادەبوونی پ.ی.د.سەرهەنگ سەروەت یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، پ.د.علی قادر عوسمان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی،
پ.ی.د.بەختیار عبید شریف یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، و بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ژمێریاری و ووردبینی و کارگێڕی و زانستی و لێپرسراوی تۆماری پەیمانگە
ڕۆژی (٢٠/ کانونی دووەم / ٢٠٢٦ ) قۆناغێکی نوێ لەبەڕێوەبردنی سێ پەیمانگەی تەکنیکی دەستیپێکردو، لەپەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی، هەر یەک لە پ.ی.د.چۆمان علاء الدین عمر وەک ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی تەکنەلۆجی سلێمانی و پ.د.جەلال عبدالله محمد وەک ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی سلێمانی و پ.ی.د.سۆلاڤ جەوهەر علی وەک ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی سلێمانی دەستبەکاربوون.
لە سەرەتادا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی ڕاگری نوێی پەیمانگەکان و ستافی ئەکادیمی و کارگێڕی پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی کرد، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامی بۆ ڕاگری پەیمانگەکان خواست و جەختیکردەوە کە ئەم هەنگاوە دەتوانێت ببێتە بنچینەیەکی بەهێز بۆ بەرزکردنەوەو باشتر ڕێکخستنی کاروبارە زانستی و کارگێڕی و داراییەکان.
پرۆفیسۆر.د.هوشیار عبدالله عزیز داوای لە ڕاگری نوێی پەیمانگەکان کرد لە ئاستی ئەو متمانەیەدا بن کە سەرۆکایەتی زانکۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا پێیبەخشیوون و هەموو هەوڵێک بدەن لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی خوێندنی تەکنیکی و پسپۆڕی بەشەکان لە پەیمانگەکانیان، هەروەها هەموو پشتیوایی و پاڵپشتییەکی سەرۆکایەتی زانکۆی بۆ دووپاتکردنەوە.
لای خۆشیانەوە ڕاگری هەرسێ پەیمانگەکە سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییان کرد و بەڵێنیان دا لە ئاستی ئەو متمانەیەدا بن و هەموو هەوڵێک بدەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و پێشکەشکردنی خزمەتی زیاتر بەخوێندکاران و باشتر ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کاروبارە زانستی و کارگێڕی و داراییەکانی پەیمانگەکەیان.
شایەنی باسە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو د.ئارام قادر محمد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە سەردانەکەیدا بۆ سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، فەرمانی وەزاری تایبەت بە دانانی ڕاگری هەر سێ پەیمانگە تەکنیکییەکانی سلێمانی واژۆکرد.

زیاتر ببینە
Back to top button