
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پێشوازی لە بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، پ.د. هوشیار عبدالله عزیز سەرۆکی زانکۆ، بە ئامادەبونی پ.د. علی قادر عوسمان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، پ.ی.د. سەرهەنگ سەروەت حەمە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، و پ.ی.د. بەختیار عبید شریف یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، پێشوازی لە د. ئارام قادر محمد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد، لە سەرەتای سەردانەکەدا، سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی وەزیری کرد و ئاماژەی بەوەدا کە هاتنی بەڕێزیان دەبێتە هاندەری خزمەتکردنی زیاتر بە زانکۆ،
لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبوونەوەیەکی فەرمی لەگەڵ سەرۆکایەتی زانکۆ بەڕێوەبرد، کە تێیدا باس لە دۆخی گشتی زانکۆ، پێشکەوتنەکان، هەنگاوە ستراتیژییەکان و پلانی داهاتووی گەشەپێدان کرا، بە تایبەتی لە بواری خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی و پەیوەندییەکان لە نێوان خوێندن و بازاڕی کار.
لە بەشێکی گرنگی ئەم سەردانەدا، فەرمانی وەزاری تایبەت بە دانانی ڕاگری هەرسێ پەیمانگە تەکنیکییەکانی سلێمانی واژۆکرا، کە بریتین لە: پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی سلێمانی، پەیمانگەی تەکنەلۆجی سلێمانی و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی سلێمانی. ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ ڕێکخستنی باشتر، بەرزکردنەوەی ئاستی بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی خوێندنی تەکنیکی و پسپۆڕی لە ناو زانکۆکەدا.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای واژۆکردنی فەرمانەکە، پیرۆزبایی و دەستخۆشی خۆی ئاراستەی سەرۆکی زانکۆ، ڕاگری پەیمانگەکان و ستافی ئەکادیمی و کارگێڕی کرد، هەروەها هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامی بۆ ڕاگری پەیمانگەکان خواست، و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەتوانێت ببێتە بنچینەیەکی بەهێز بۆ بەرزکردنەوەی کواڵیتی خوێندن و گەشەپێدانی توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان.
شایانی باسە، پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی بە پێی فەرمانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارە (25415) لە ڕێکەوتی (11/12/2024)، بە فەرمی دابەشکراوە بۆ سێ پەیمانگەی پسپۆڕی، بە شێوەیەک کە هاوشێوەی پەیمانگە پسپۆڕییەکانی ناوەندی شارەکانی هەولێر و دهۆکن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەوڵەکان و ستراتیژی وەزارەتە بۆ پەرەپێدانی خوێندنی تەکنیکی و گونجاندنی پێویستییەکانی بازاڕی کار و گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە.
لە کۆتاییدا، سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سوپاسی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد بۆ سەردان و پاڵپشتییەکانیان، و جەختی لەسەر بەردەوامبوونی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان وەزارەت و زانکۆ کرد بۆ خزمەتکردنی باشتر بە خوێندکاران و پەرەپێدانی سیستەمی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.










