Back

لە هەشتەمین ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك (مام جەلال)داو ، بەدروشمی (سەرۆك مام جەلال راستی‌ و هەڵوێستە مێژووییەكان ) 

دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، بەهەماهەنگی زانــكۆی ســلــێمـانـی و ئامادەبوونی زانكۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و هەریەک لە زانکۆکانی (پۆلیتەکنیکی گەرمیان، كۆیە، راپەڕین، گەرمیان، چەرموو، هەڵەبجە،قەیوانی نێودەوڵەتی ، کۆمار، تیشکی نێودەوڵەتی و جیهان)

یەكەمین كۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی سەرۆك جەلال تاڵەبانی ئەنجامدەدات.

كۆنفرانسەكە، بەسەرپەرشتی د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و پڕۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محەمەد عەلی، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی‌ لەرۆژانی (٣-٤ / تشرینی یەكەمی ٢٠٢٥) لە هۆڵەكانی كۆنگرێسی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت .

كۆنفرانسەكە (٩) تەوەری سەرەکی لەخۆدەگرێت دەربارەی (ژیاننامە‌ و كەسایەتیی سەرۆك مام جەلال، رەهەندی سیاسی‌، هزری‌، شۆڕشگێریی، رۆڵی سەرۆک مام جەلال لە چەسپاندن‌ و سەروەری یاسا، رۆڵ‌ و كاریگەری سیاسەتی مام لە گرنگیدان بە پرس‌ و مافەكانی ژنان، كاریگەرییە ئەرێنییەكانی لەسەقامگیری‌ و هاوسەنگیی سیاسیدا لە هەرێمی كوردستان‌ و عێراق، رۆڵی لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا، رۆڵی لە بەدەستهێنان‌ و دابینكردنی مافەكانی نەتەوەی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان‌ و مافی نەتەوەكانی تر و كەمایەتییەكان لە عێراقدا، رۆڵی لە رەوتی ئازادی رادەبڕین‌ و مافی مرۆڤدا، ئازادی میدیا‌ و چاپەمەنی لە هەرێمی كوردستان‌، نەخش‌ و جێدەستی لە بواری سیاسی‌ و دبلۆماسیەتی گشتیدا) .

مەراسیمەکانی یەكەم ڕۆژی كۆنفرانسەكە کاتژمێر (٤)ی پاشنیوەڕۆی (٣ / تشرینی یەكەمی / ٢٠٢٥) دەست پێدەکات و،لە هۆڵی كۆنگرێس لە سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

هەر بەبۆنەی ژیانئاوایی (سەرۆك مام جەلال)و

بە بەشداری خانەی پەرتوك و كتێبخانەی زانكۆی سلێمانی، حەوتەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب لە سلێمانی بەناوی (خولی سەرۆك تاڵەبانی) دەكرێتەوە.

لە دووهەم ڕۆژی کۆنفرانسەکەشدا

 (٤ /تشرینی یەكەمی/ ٢٠٢٥)، کاتژمێر (٩:٣٠) خولەكی سەرلەبەیانی، بۆماوەی (٣٠) خولەك ناوی ئامادەبووان تۆماردەكرێت و پاشان کاتژمێر (١٠) كۆنفرانسەكە دەستپێدەكات و چەند پانێڵێك پێشكەشدەكرێن.

لە كۆنفرانسەكەدا (٢٠) توێژینەوەی زانستی پێشکەشدەکرێن لەسەر (هزری سیاسی سەرۆك مام جەلال و ڕۆڵ و كاریگەری لە پرۆسەی ئاشتی و ئازادی ڕادەربڕین و مافی مرۆڤ و چەسپاندنی پرۆسەی دیموكراسی لە عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣، هەروەها ڕۆڵ و كاریگەری سەرۆك مام جەلال لەسەر پەیوەندی چین و كوردستان و عێراق و هەوڵەكانیان بۆ سەقامگیری و پێكەوەژیان و پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە شاری كەركوك .

توێژینەوەكان لە هۆڵەكانی (B, C , D ,E , F) ی كۆنگرێس لە سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بە زمانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) پێشكەشدەكرێن ،

پاشان دەرئەنجام و ڕاسپاردەكانی كۆنفرانس لەلایەن (پ.د.محەمەد ئەمین عەبدوڵڵا تاتانی) دەخرێتەڕوو، هاوكات بڕوانامەی بەشداریكردن بەسەر توێژەراندا دابەشدەكرێت و كۆتایی بە كۆنفرانسەكە دەهێنرێت.