Back

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران پێشوازی لە خوێندکارانی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی دەکات

بە چاودێری پ.د. هوشیار عبدالله عزیز سەرۆکی زانکۆ، هەنگاوەکانی بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەردەوامە، و ساڵانە زانکۆ بە هاوکاری یەکێتیی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی دەرفەتی مەشقی هاوینە بۆ خوێندکارانی نێودەوڵەتی دەرەخسێنێت.

ئەمساڵ ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆکانی وڵاتانی ئەردەن، فەڵەستین و یەمەن مەشقی پڕاکتیکی هاوینە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئەنجام دەدەن، ئەم دەرفەتەش لە دوای بەشداریکردنی زانکۆکە دێت لە ٣٠ـەمین دیداری ئەنجومەنی عەرەبی بۆ ڕاهێنان و داهێنانی خوێندکاران.

ئەم خوێندکارانە بۆ ماوەی یەک مانگ میوانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەبن، و مەشقەکانیان لە نێو زانکۆ و دامودەزگا هاوکارەکاندا بەڕێوەدەچێت.

بەمەبەستی بەخێرهاتن و ئامادەکردنیان بۆ ئەنجامدانی مەشقەکانیان ، پ.ی.د. بەختیار عبید شریف، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لێژنەی سەرپەرشتی مەشقی هاوینە، پێشوازییان لەو خوێندکارانە کرد و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پ.ی.د. بەختیار عبید بەناوی خۆی و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەخێرهاتنی خوێندکارانی کرد و ڕوونکردنەوەیەکی گشتیدا لەسەر بەرنامە و شوێنی مەشقەکە، و چۆنیەتی بەڕێوەچوون. هاوکات هیوای ئەوەی خواست کە لە ماوەی مانەوەیان، جگە لە سوود وەرگرتن لەلایەنی زانستی و وەرگرتنی ئەزموون، بتوانن بەشداربن لە ناساندنی شوێنە مێژوویی و کەلتوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

خوێندکارانیش بەجیا وێڕای سوپاسیان بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە، و هیوایان خواست کە بتوانن سوود لە ئەزموونی مامۆستایان و کەلتور و ژینگەی ناوچەکە وەرگرن.