كۆمپانیای IRALEX ژمارەیەك ئۆفیس بۆ بەشی ئەندازیاری میكانیك دروستدەكات
دوای ئەوەی بەشی ئەندازیاری میكانیك-ی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، چەندین پشكنینی جۆراوجۆر بۆ بەرهەمەكانی كۆمپانیای IRALEX ئەنجام دەدات، لەبەرامبەردا كۆمپانیاكە 15 ئۆفیس بۆ مامۆستایانی بەشەكە دروست دەكات.
لەوبارەیەوە پ.ی.د. جاسم محەمەد یاریدەری راگری كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری كە هاوكات سەرۆك بەشی ئەندازیاری میكانیكە، ئاماژەی بەوەدا: لەم كاتەی قەیرانی داراییدا توانیویانە كارێكی گرنگ بۆ بەشەكەیان ئەنجام بدەن، هەروەها زۆر سوپاسی هەریەكە لە بەڕێزان (وەرزێر سەروەر بەڕێوەبەری ئۆپەرەیشن لە فاروق گرووپ و بڵند فوئاد بەڕێوەبەری بازرگانی لە كۆمپانیای IRALE كرد كە دڵسۆزانە هەوڵیانداوە ئەو كارە گرنگە بۆ بەشەكەیان ئەنجام بدەن.
راگری كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری ئەوەشی خستەڕوو: بەشەكەیان پشكنینی بۆ هەندێك لە بەرهەمەكانی ئەو كۆمپانیایە ئەنجامداوە و لە بەرامبەریشدا ئەوان ئەو ئۆفیسانەیان بۆ دروستكردوون، وتیشی “هەردوولامان رێككەوتنمان هەیە و لە داهاتووشدا كاری دیكە دەكەین، بڕیاریشە هەندێك لە خوێندكارەكانمان لەلایەن كۆمپانیای ناوبراوەوە راهێنان ببێنن.
پ.ی.د. جاسم محەمەد هیوای خواست هاوشێوەی كۆمپانیای IRALE، كۆمپانیاكانی دیكە هاوكاری زانكۆكان بكەن و بەشێك لە پێداویستییەكانیان بۆ دابینبكەن”
جێگەی باسە ئەندامانی لیژنەی پشكنینی بەرهەمەكانی كۆمپانیای IRALEX پێكهاتبوون لە بەڕێزان ( پ.ی.د.جاسم محەمەد، ئەندازیار بەرزان ئەكرەم، ئەندازیار مەحمود هشام و ئەندازیار محەمەد حیكمەت).