
١٨ خوێندکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەشداری مەشقی هاوینە دەکەن لە زانکۆکانی ئەردەن و میسڕ
- Categories هەواڵ و چالاکی, هەواڵی سەرەکی
- Date 2025-07-29
لە چوارچێوەی ئەندامێتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە ئەنجومەنی عەرەبی بۆ ڕاهێنان و داهێنانی خوێندکاران، لە ئێستادا ١٨ خوێندکاری بەشە جیاوازەکانی کۆلێج و پەیمانگەکانی زانکۆ بەشدارن لە مەشقی هاوینە لە هەردوو زانکۆی ئوردنیە و زانکۆی میسڕ بۆ زانست و تەکنەلۆجیا.
شایانی باسە، لە مانگی ئایار لە ڕێگەی ماڵپەڕی زانکۆوە ئەم دەرفەتە بۆ خوێندکارانی قۆناغی سێیەمی کۆلێج و دووەمی پەیمانگەکان راگەیەنرا، لە کۆی ٢٤ خوێندکار کە مەرجی بەشداریکردنیان هەبوو، ١٨ خوێندکار دەرفەتی بەشداریکردن و ئەنجامدانی مەشقی هاوینەیان لە زانکۆکانی وڵاتانی میسڕ و ئەردەن بەدەستهێنا.
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ساڵانە لە چوارچێوەی ئەم پڕۆگرامەدا بەرەوپێشچوونی زۆری تۆمار کردووە، و ڕێژەی بەشداریکردنی خوێندکارانیش لە مەشقی هاوینەی دەرەوەی وڵات لە زیادبوونە. ئەم پڕۆگرامانە دەرفەتێکی گرنگە بۆ خوێندکاران بۆ گەشەپێدان،و ئاشنابوون بە توانای زانکۆکانی دەرەوە، و خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگە و کەلتورە جیاوازەکان.