Back

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و منداڵپارێزی کوردستان تاوتووێی کاری پێکەوەیی دەکەن

ئەمڕۆ ڕێکەوتی 21/5/2025 پ. د. هوشیار عەبدوڵڵا عەزیز سەرۆکی زانکۆ، بە ئامادەبوونی پ. ی. د. بەختیار عبید شەریف یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و پ. د. هێرش ڕەسوڵ موڕاد ڕاگری کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕی، پێشوازییان لە وه‌فدێکی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان کرد، ‌كه‌ پێكهاتبوون له‌ بەڕێز خاتوو سارا لەتیف ڕەشید سەرۆکی ڕێکخراوەکەو نوعمان عەبدولڕەحمان عەلی ئاراستەکاری پەیوەندییەکان و هام ئاهەنگی، شلێر سەردار ڕەمزی ئاراستەکاری بەرنامەکان، میران عەلی ئیبراهیم ئاستەکاری کارگێڕیی ڕێکخراوەکە.

سەرەتا سەرۆکی زانکۆ وێڕای بەخێرهێنانی وەفدەکە، پوختەیەکی سەبارەت بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و کۆلێج و پەیمانگا و پسپۆڕییەکانی پێشکەشکرد، پاشان باسی لە گرنگیی هەم ئاهەنگیی نێوان ناوەندەکانی خوێندنی باڵا و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کرد و ئامادەیی زانکۆی بۆ کاری هاوبەش لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی و خزمەتکردنی منداڵان و گەنجان و پەرەپێدانی تواناکان دەربڕی.

سەرۆکی منداڵپارێزی کوردستانیش لای خۆیەوە، پاش خستنەڕووی پەیکەر و پلانی ڕێکخراوەکەیان، سوپاسی پێشوازی و بەدەمەوەهاتنی سەرۆکی زانکۆ و دامەزراوەکە کرد بۆ هاوکارییکردنی ڕێکخراوەکە و دەربڕینی هاوکاری و کاری پێکەوەیی لە ئایندە و سودوەرگرتن لە مامۆستایانی زانکۆ بۆ پڕۆژە جیاوازەکانییان.