خهمی باڵندهیهك خوێندكاران نیگهران دهكات
“باڵندەكان كۆچ ناكەن ماڵئاوایی هەمیشەیی دەكەن”
حاجی لەق لەق، دۆستە دێرینەكەی خوێندكارانی زانكۆ ماڵئاوایی كرد
ئێوارەی رۆژی هەینی رابردوو، ئێوارەیەكی غەمگین بوو بۆ خوێندكارانی بەشەناوخۆییەكانی كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی گەڕەكی چوارچرا، چونكە لەو ئێوارەیەدا دۆستێكی دێرینیان لەدەستدا كە ئەویش كوشتنی ئەو حاجی لەقلەقە بوو كەبەرامبەر بەشە ناوخۆییەكانیان چەند ساڵێكە لانەی دروستكردووە.
هەرچەندە هێشتا روون نییە ئەو باڵندەیە كە لە ناو كوردەواریدا بە (حاجی لەق لەق) بەناوبانگە بەچی هۆكارێك گیانی لەدەستداوە، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە كوژرابێت ئەوەش نیگەرانی راگرایەتی كۆلێج و خوێندكارانی لێكەوتۆتەوە.
عەدنان كەمال خوێندكار دوا قۆناغی بەشی تەكنیكی میدیایەو ماوەی چوار ساڵە لە بەشە ناوخۆییەكانی كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكان دەمێنێتەوە، ئەو یەكەم كەس بووە كە لاشەی باڵندەكەی بە كوژراوی بینیووە، دیمەنی مردنەكەی كاریگەری زۆری لەسەر عەدنان هەبووە، بۆیە لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لەگەڵ چەند وێنەیەكدا پۆستی لەسەر باڵندەكە كردووەو نیگەرانی خۆی لە كوشتنەكەی دەربڕیووە.
عەدنان باسی لەوەكرد سەرجەم خوێندكاران دڵتەنگ بوون بە كوشتنی ئەو حاجی لەق لەقە، چونكە وەك ئەو ئاماژەی پێدەدا هەموویان یادگارییان لەگەڵ دەنگە دەنگەكەی شەوانی ئەو باڵندەیەدا هەبووە، زۆرجار كە لە زانكۆشدا پیاسەیان كردووە ئەویان بە ئاسمانەوە دیووە كە دیمەنێكی جوانی هەبووە.
بەوتەی شایەتحاڵەكان باڵندەكە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە لەسەر ئەو تاوەرە دەژی كە بەرامبەر بە بەشی ناوخۆیی كوڕانە، بڵاوبونەوەی وێنەكانیشی بەكوژراوی لە هەندێك ئەكاونت وایكردووە خوێندكارانی ساڵانی پێشووی كۆلێجەكەش هاوخەمی بۆ كوشتنەكەی دەرببڕن.
هاوكات بەڕێز پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر حەكیم عوسمان راگری كۆلێجەكانی تەكنیكی كارگێڕی و تەكنیكی ئەندازیاری هاوشێوەی خوێندكاران، نیگەرانی خۆی بۆ كوشتنی ئەو باڵندەیە دەبڕی و ئاماژەی بەوەدا كاری لەوشێوەیە تەنها لەكەسانی بێ ویژدان و دوژمنی جوانی باڵندەو گیانداران دەوەشێتەوە، چونكە ئەو باڵندەیە لەگەڵ ئەوەی سیمایەكی جوانی هەیە هیچ زیانێكیشی بۆ دەوروبەر نییە، بۆیە كوشتنەكەی زۆر ناڕەوایە.
وتیشی “وەك هاوسۆزییەك بۆ پاراستنی گیانی باڵندەكان، وەك راگرایەتی كۆلێج هەوڵدەدەین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەك دەستەی ژینگەو دۆستانی پاراستنی ژیانی باڵندەو گیانداران كاربكەین بۆ دروستكردنی پەیكەرێك بۆ ئەو باڵندەیە تا ببێتە هۆكارێك بۆ رێگریكردن لە كوشتنی ئەو باڵندانەی دیكە كە ئێستا زیندوون”.
وەك خوێندكارەكان باسیان دەكرد ئەو حاجی لەق لەقە لە ئێستادا خاوەنی دوو بێچووەو بە كوشتنی ئەو، هێلانەكەی بێدەنگی زۆر پێوەدیارە، ئەو دیمەنەش هێندەی تر ئازاری ئەوان دەدات.