
فەرمانی جیا کردنەوەی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بۆ سێ پەیمانگای پسپۆڕی تەکنیکی جێ بەجێ کرا
ئەمرۆ سێ شەممە (٤ ئازاری ٢٠٢٥) پڕۆفیسۆر د.هوشیار عبداللە عزیز سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، فەرمانی وەزاری و زانکۆیی دانانی بەخشییە هەریەك لە پ.ی.د.چۆمان علاءالدین عمر بۆ ڕاگری پەیمانگەی تەکنەلۆجی سلێمانی و پ.د.جلال عبداللە محمد بۆ پۆستی سەرپەرشتیاری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی و پ.ی.د.سۆلاڤ جوهرعلی بۆ پۆستی سەرپەرشتیاری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی، كە بە پێی فەرمانی وەزاری ژمارە 25415 لە 11/12/2024 وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بریاردرا بوو بە جیاكردنەوەی پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی بۆ سێ پەیمانگەی پسپۆڕی تەکنیکی سەربەخۆ بەناوی ( پەیمانگەی تەکنەلۆجی سلێمانی، پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی سلێمانی، پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی سلێمانی).
بۆ ئەم مەبەستە پڕۆفیسۆر د.هوشیار عبداللە عزیز سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ هەر سێ راگر و سەرپەرشتیارانی نوێی پەیمانگەكاندا، دەستخۆشی لە بەرێز دکتۆر ئارام محمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد بۆ پشتیوانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە جێبەجێکردنی ئەوبڕیارەو هەنگاوەکانی فراوانکردنی زانکۆ، پاشان سەرۆکی زانکۆ پیرۆزبایی دانانی لە هەر سێ راگر و سەرپەرشتیارانی نوێی پەیمانگەكە كرد و هیوای خواست ئەم گۆرانكارییە ببێتە هۆی زیاتر خزمەتكردنی پرۆسەی خوێندنی باڵا و هەموو پشتیوانێكی خۆی بۆ دوپاتكردنەوە لە ئەركە نوێیەكانیاندا.
هەروەها سوپاسی پ.ی.د.چۆمان علاءالدین عمر کە وەک ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی پێشوو توانیوێتی سەرکەوتووانە کارەکانی ئەنجام بدات، لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەکرد لە ئێستادا لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە نەخشەڕێگەیەک دیاری دەکرێت بۆ جێبەجێ کردنی جیاکردنەوەکە لەڕووی کارگێڕی و دارایی و زانستیەوە بۆ سێ پەیمانگای پسپۆڕی تەکنیکی.