Back

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ڕێزنامە دەبەخشێتە فەرمانبەران و مامۆستایانی خانەنشین

بەچاودێری و ئامادەبونی پڕۆفیسۆر د.هوشیارعبداللە عزیز سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، بە ئامادەبونی پرۆفیسۆر د.علی قادر عوسمان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆکاروباری کارگێڕی و دارایی و پ.ی.د. سەرهەنگ سەروەت حمە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.ی.د.بەختیار عبید شریف یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ،ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ شوباتی ٢٠٢٥ لە هۆڵی پیرەمێردی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، وەک وەفایەک بۆ هەوڵ و ماندوبون و ئەو خزمەتەی کە لە بواری کارگێری و زانستی و پێشخستنی ئاستی ئەکادیمی زانکۆمان لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە پێشکەشکراوە، لە مەراسیمێکی تایبەتدا بروانامەی ڕێزلێنانی بەخشیە ئەو بەڕێزانەی کەخانەنشین بوون..

سەرەتای مەراسیمەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکردو دواتر لەلایەن پرۆفیسۆر د.علی قادر عوسمان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی ووتەیەکی پێشکەشکردو ووتی:لای ھەمووتان روون و ئاشکرایە کە سروشتی ژیان بەجۆرێکە پاش چەندساڵێک خزمەتکردن لە هەر شوێنێکدا دواجار دەبێ ماڵئاوایی بکەین و ڕێگە بۆ کەسانی تربکرێتەوەو درێژە بەم کاروانە بدەن، بەڵام ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ھەرگیز چاکە و خزمەتی دڵسۆزانی لە بیرناکات و رێز و وەفای ھەیە بۆ ھەریەکێکتان کە تەمەنێکی پڕ ووزە و زانستی بە زانکۆ بەخشیووە.

هەروەها ووتی ئێوەی ئازیز کە فەرمانی خانەنشینبوونتان بۆ دەرکراوە، لەم مەراسیمە خنجلانەیدا لە پاڵ بیرھێنانەوەی دەستکەوت و یادگارییە خۆشەکاندا کە پێکەوە لە میانەی کارکردندا رویانداوە و بونەتە مێژوو، پێتان ڕادەگەێنین ئێوەی بەرێز ھەمیشە ھاوڕێ و کەسی نزیکی ئێمەن و دەرگای زانکۆ ھەمیشە بەرووتاندا کراوەتەوە، داواتان لێدەکەین ئەزموونی فراوانتان ھاوبەشی پێبکەن لەگەڵماندا بۆ گەشەکردنی زیاتری زانکۆ.

لەکۆتاییدا ھیوای تەندروستیەکی باش و ژیانێکی بەختەوەری بۆ خواستن.

 پاشان ڕێزنامە لەلایەن سەرۆک و یاریدەدەران و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ، بەخشرایە مامۆستایان و فەرمانبەرانی خانەنشینبووی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بەتۆمارکردنی وێنەیەکی یادگاری کۆتاییان بە مەراسیمەکە هێنا.