Back

وەک یەکەم زانکۆ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان وەزیری خوێندنی باڵا سوپاسی بەڕێوەبەری سەنتەری (CDC) زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەکات

لە پای باش بەڕێوەچوونی کارەکانی سەنتەری پەرەپێدانی کار و بە دەستهێنانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی زانکۆکانی کوردستان لە پرۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار (CDC) لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەکات.

بە نوسراوی ژمارە (١٥٤٤) لە ڕێکەوتی ٢١/١/٢٠٢٥ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی مامۆستا ئەیوب کەریم سعید بەڕیوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەکات.

لە نوسراوەکەدا هاتووە”سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی بەڕێزتان دەکەین بەهۆی ئەوەی زۆر بەرپرسیارانە و دڵسۆزانە ئەرکەکانتان جێبەجێ کردووە و بە ڕێکوپێکی ئەرکەکانی سەرشانی ڕۆژانەتان ئەنجام داوە، لەپای هەوڵتان لە بەشداریپێکردنی زۆرتیرین ڕێژەی قوتابی و کۆمپانیا لە پرۆگرامی ئینتێرنشیپ”.

سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ماوەی دوو ساڵە لەسەر ئاستی زانکۆکانی کوردستان پلەی یەکەمی هەیە لە بەشداریپێکردنی خوێندکارانی زانکۆ لە پرۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان (Internship).

لە ساڵی ٢٠٢٢ – ٢٠٢٣ لە ڕێگەی سەنتەری (CDC)ییەوە ٧٨٢ خوێندکار لەسەر ئاستی زانکۆی پلیتەکنیکی سلێمانی ڕاهێنانی وەرگرتووە لە کۆمپانیاو دامەزراوە تایبەتەکان، لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣ – ٢٠٢٤ ڕێژەکە بەرز دەبێتەوە بۆ 980 خوێندکار لە ٣٠٠ کۆمپانیا و دامەزراوەی کەرتی تایبەت.

لەوبارەیەوە مامۆستا ئەیوب بەڕێوەبەری سەنتەری (CDC) وتی”ئەم سوپاس و پێزانینە بەشێکە لە سەرکەوتنی زانکۆمان، سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆمان و ڕاگر و سەرۆک بەشەکان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆمان دەکەین کە هەماهەنگ بوون بۆ بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنە”.