Back

وەزیرى خوێندنى باڵا (١٣) زەمالەى خوێندن لە ووڵاتی تورکیا پێشکەش بە فێرخوازان لە هەرێمى کوردستان دەکات

وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى زەمالەى خوێندنى (ماستەر و دکتۆرا) لە وڵاتى تورکیا ڕادەگەیەنێت

لە ئەنجامى سەردانى ساڵى ڕابردوى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ وڵاتى تورکیاو بەسەرکردنەوەى دامەزراوەکانى ئەو وڵاتەو ئەنجامدانى لێکگەیشتنى هاوبەش بۆ ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى و پێشکەشکردنى زەمالەى خوێندن بە فێرخوازانى هەرێمى کوردستان، وڵاتى تورکیا (١٣) کورسى خوێندنى ماستەرو دکتۆرا لە بوارى جیا جیا پێشکەش بە وەزارەتەکەمان کردوە، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و سەرجەم وەزارەتەکانى دیکە ئاگادار دەکاتەوە، دەتوانن داواکارى بۆ پێشکشەکردنى ئەم زەمالەیە پێشکەش بکەن بەم شێوەیەى خوارەوە:

– هەشت کورسی بۆ دامودەزگاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

– پێنج کورسی بۆ وەزارەتەکانی دیکە.

هەر کەسێک سەرباری مەرج و ڕێنماییەکانی زەمالەى تورکیا ، ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزوی خوێندن لە وڵاتی تورکیا بکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە داواکاری لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکەن:

https://turkiyeburslari.gov.tr/

• پێشکەشکار دەبێت فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

• پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.

• پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە ٦٥ کەمتر نەبێت بۆ خوێندنی ماستەر و لە ٧٠ کەمتر نەبێت بۆ خوێندنی دکتۆرا.

• ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکاریەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.

• داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامە پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت بۆ خوێندنی ماستەر، ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت بۆ خوێندنی بەرنامەی دکتۆرا).

• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتەکەمان تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی تورکیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.

تێبینی:

– هەرکەسێک ئەم مەرج و رێنماییانەی سەرەوەی تیایدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت.

– تکایە بۆ هەر پرسیارێک یان زانیاری زیاتر سەرەتا سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.

– کاتی پێشکەش کردن لە (1/10/ 2025)وە دەست پێدەکات.

– دوای وەرگرتن لەم زەمالەیە، تکایە بە مەبەستی کردنەوەی فایل سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن:

https://scholarship.digital.gov.krd/#/login

– دوای پێشکەشکردن لە رێگەی ئۆنلاین تکایە ئەم زانیاریانەی خوارەوە لە رێگەی ئیمێلی (maqsood.mohammed@mhe-krg.org) بۆ وەزارەتەکەمان رەوانە بکەن:

Full name:

Application No.:

Applied program:

Email address:

Telephone No.:

Copy of the application

تکایە هەموو ئەم زانیاریانەی سەرەوە بە یەک فایل بۆ مان رەوانە بکەن و فایلەکەش بە ناوی خۆت بێت. بۆ ئەوەی کاری لە سەر بکرێت و رەوانەی زانکۆی سەرەوە بکرێت.

– بۆ کاندیدانی دامودەزگاکانی خوێندنی باڵاو وەزارەتەکانی تر، هەمان رێکار جێبەجێ دەکرێت، دەبێت کاندید پشتگیری شوێنی کارەکەی لەگەڵ بێت، کە بە ڕونی باس لە وە بکات دوای بە دەستهێنانی بڕوانامەو گەڕانەوە کاردەکات و پێویستیان بەم بوارەوە.

(They need to submit a letter from the universities about the compulsory service upon returning their country.)