بەربانگی بەکۆمەڵ بۆ خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکان رێکخرا
لە یادی ٤٢ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و مەڵەبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی ی.ن.ک بە ھاوکاری چەند کەسایەتیەکی خێرخواز، بەربانگێکی بەکۆمەڵیان بۆ خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکانی کەمپی کۆلێجە تەکنیکییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رێکخست، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەیبوون.
لەو بەربانگە بەکۆمەڵەدا بەڕێز پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆو پ.ی.د. سۆران سەعید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵاو بەڕێز پ.ی.د. حەکیم عوسمان راگری کۆلێجەکانی تەکنیکی کارگێڕی و ئەندازیاری و د.کاوە رەزا راگری پەیمانگای تەکنیکی دوکان و نوێنەری مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی و ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ ئامادەبوون.
لەووتەیەکیشیدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رایگەیاند، وێڕای سوپاس گوزاریمان بۆ رێکخەرانی ئەم بەربانگە، ئومێدەوارین کە بازرگانان وخاوەن کۆمپانیاکانیش بەگشتی لە خزمەتگوزاری و خێری نەبڕاوەی لەم کارە بەردەوامبن و ئێمە وەکو سەرۆکایەتی زانکۆ دەرگامان ئاوەڵایە بۆ ھەرکەسێک کە بیەوێت خزمەتی خوێندکارانمان بکات و کەمێک لە باری گرانی سەرشانی خوێندکاران کەمبکاتەوە.
پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون ووتیشی، لە ماوەی رابردووداو تاوەکو ئێستاش ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی و بە ھەماھەنگی سەرۆکایەتی زانکۆمان بەبێ بەرامبەر خواردنی پێشکەش بەخوێندکارانی بەشەناوخۆیی پەیمانگاکە کردووە، ھەربۆیە ئێمە ئەم ھەنگاوانە بە گرنگ دەزانین و سوپاس گوزاریشین.
سەبارەت بە ئامادەکارانی بەربانگەکەش رەزا عەبدولکەریم سەنگاوی لێپرسراوی بەشەناوخۆییەکانی کەمپی کۆلێجە تەکنیکییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیک رایگەیاند، مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی بە ھاوکاری چەند خێرخوازێک و سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ھەستان بەئامادەکردنی ئەو بەربانگە.
لایحۆشیانەوە خوێندکاران سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆو مەڵەبندی یەکی سلێمانی ی.ن.ک و ئەو خێرخوازانەیان کرد کە ئەم بەربانگە بە کۆمەڵەی بۆرێکخستوون و راشیانگەیاند، وەکو خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان ھەمیشە سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆ دەکەن کە بەشێوازی جیاواز و ھەمیشە ھاوکارییان دەکات و باری قورسی سەرشانیان لەم قەیرانەدا کەمدەکاتەوە.
ئێوارە خوانەکە لەنێو کافتریای کەمپی کۆلێجە تەکنیکییەکان لەگەڕەکی چوارچرا بەڕێوەچوو.