ماوەی مانەوەی خوێندكاران لە دەرەوەی وڵات رێكدەخرێت
وەزارەتی خوێندنی باڵا بەمەبەستی رێكخستنی ماوەی مانەوەی خوێندكارانی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵا, ماستەر و دكتۆرا، كە لە دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن دەدەن، چەند بڕیارێكی دەركرد.
عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: بۆ ڕێكخستنەوەی ناردنەوەی دەرەوەی خوێندكاران بۆ دەرەوەی وڵات و بەمەبەستی ڕێكخستنی ماوەی مانەوەیان و گرنگیدان بە خوێندنەكەیان، وەزارەتەكەمان سەرجەم ئەو خوێندكارانەی لە ماوەی ساڵی (٢٠١٧) بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا سەردانی دەرەوەی وڵاتیان كردووە، ماوەی مانەوەیان بەپێی ڕێنماییەكانی وەزارەت دیاریكرد.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتیشی: بەپێی بڕیارەكەی وەزارەت ئەو خوازیارییانەی بۆ دبلۆمی باڵا دوای بەكالۆریۆس لە دەرەوەی وڵات دەدەن درێژە بە خوێندن پێویستە بۆ ماوەی (٦) شەش لەو وڵاتە بمێننەوە، هەروەها بۆ خوێندنی ماستەر نابێت ماوەی مانەوە لە (١) یەك ساڵی ئەكادیمی كەمتر بێت كە دەكاتە (٩) مانگ، هەروەك بۆ خوێندنی دكتۆراش ماوەكە بە (٢) دوو ساڵی ئەكادیمی دیاریكراوە، كە دەكاتە (١٨) مانگ.
عەباس ئەكرەم وتیشی: سەرجەم ئەو خوێندكارانەی لە ماوەی ساڵی (٢٠١٧) بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا / دبلۆمی باڵا, ماستەر و دكتۆرا سەردانی دەرەوەی وڵاتیان كردووە، ئەم بڕیارەی وەزارەت بەسەریاندا جێبەجێ دەكرێت، بە پێچەوانەوە كەمتر لەو ماوە دیاریكراوانە، ئەوا یەكسانكردنی بڕوانامەكانیان بۆ ناكرێت.