زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەشداری لە كۆنفرانسێكی زانستی نێودەوڵەتی لە قاهیرە كرد
بە بەشداری زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كۆنفرانسێكی زانستی نێودەوڵەتی لە قاهیرەی پایتەختی میسر رۆژانی 11-14/ 5/ 2017 بەڕێوەچوو، كە لەلایەن دامەزراوەی IEREK نێودەوڵەتییەوە رێكخرابوو.
د.هۆشیار قادر رەسوڵ مامۆستا لە كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە توێژینەوەیەكی گرنگ بەناونیشانی ( Nature and physical configuration- study of topography influences on the physical configuration of mountain settlements in Iraqi Kurdistan Region) بەشداری لە كۆنفرانسەكەدا كرد و جەختیكردەوە كە مرۆڤ دەتوانێت لەگەڵ سروشتدا بگونجێت و ئەو گونجانەش رەنگدانەوەی لەسەر چۆنێتی نیشتەجێبوونی هەیە، هەروەها شێوەی نیشتەجێبوونی ناوچەی هەورامانی بەنموونە هێناوەتەوە.
لە كۆنفرانسەكەدا 100 توێژینەوە بەناونیشانی “Cities Identity Through Architecture and Arts” (CITAA) لە زانكۆی حەلوان-ی قاهیرە پێشكەشكرا، كە 52 توێژینەوەیان پەیوەست بوو بە بواری بیناسازی و 48 توێژینەوەش لە بواری هونەر و ڕۆڵی هونەر لە دیاریكردنی پێناسەی شاردا بوون، بڕیاریشە سەرجەم توێژینەوەكان لە دووتوێی كتێبێكدا لەلایەن دەزگای Taylor and Francis و لەسەر ئاستی جیهان لە زووترین كاتدا بڵاوبكرێتەوە.
شایەنی باسە توێژەران لە وڵاتانی بەریتانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئەمریكا و بۆسنە و توركیا و هیندستان و نیپاڵ و چین و كۆریا و مالیزیا و میسر و عیراق بەشدارییان كردبوو.
هەر لە پەراویزی كۆنفراسەكە و لەلایەن پڕۆفیسۆر د.نبیل الخلیفی كە ( بەڕێوەبەری تەنفیزی دەزگای Routledge of Taylor and Francis Group) ی بەریتانییە، وۆركشۆپێك پێشكەشكرا سەبارەت بە مەنهەجیاتی نوێی توێژینەوەی زانستی و چۆنیتی بڵاوكردنەوەی لە گۆڤارە زانستییە باوەڕپێكراوە جیهانییەكاندا، وۆركشۆپەكە تازەترین میسۆدۆلۆجیای بواری توێژینەوەی زانستی میكانیزمی بڵاوكردنەوەی لە گۆڤارە باوەڕپێكراوە زانستییە نێودەوڵەتییەكاندا لەخۆگرتبوو.
(IEREK ) دامەزراوەیەكی زانستی نێودەوڵەتی بواری بڵاوكردنەوە و توێژینەوەی زانستی و بەستنی كۆنفراس و سیمپۆزیۆم و ۆركشۆپی بواری زانستی و مەعریفییە جیاجیاكانە،كە نوسینگە سەرەكییەكەی لە بەریتانیایە و ساڵانە چەندین چالاكی جۆراوجۆری بواری زانست و مەعریفەت لە سەر ئاستی جیهانی و لە ولاتانی جیاوازی جیهاندا ئەنجام دەدات.