ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند بڕیارێكی گرنگی دەركرد
بە سەرپەرشتی وەزیری خوێندنی باڵا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت بەڕێوەچوو، كە تێیدا چەند بابەتێكی پەیوەست بە خوێندكاران و خوێندنی باڵا تاتوێكران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێكەوتی ٦/٦/٢٠١٧ لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵادا بڕیاردرا بۆ وەرگرتن لە بەشی یاسا نابێت نمرەی زمانەكانی كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی لە (٧٠%) كەمتر بێت، هەروەها تاوتوێی چۆنیەتی پێداچوونەوە بەیاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا كرا و بۆ ئەو مەبەستەش د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لە چوارچێوەی دیدگاكانی حكومەت بۆ لامەركەزیت و هاندانی كەرتی تایبەت و، لە هەمان كاتدا لە چوارچێوەی كار و ستراتیژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێت بە یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا بچینەوە، دەبێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا زانكۆكان دیدوبۆچونەكانیان ڕەوانەی وەزارەت بكەن بۆ چۆنیەتی هەمواركردنەوەی یاسا و دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكانی یاسا كارپێكراوەكانی ئێستا.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بە داهاتی زانكۆكان كرا كە بۆتە هۆكارێك بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستیان، هەروەها بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاری پێكهێنانی بۆردی نیشتمانی متمانە بەخشین پەسند كرا، دواتریش هەر بەكۆی دەنگ بڕیاردرا بابەتی جینۆساید لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بخوێندرێت، هەر بۆ ئەو مەبەستە ئەنجومەنی وەزارەت داوا لە شارەزییان و كەسانی پسپۆر لە ناوەو دەرەوەی كوردستان دەكات خۆیان ئامادە بكەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە كردنەوەی سێنتەرەكانی تاقیكردنەوە نێودەوڵەتییەكانی (سات ١) و( سات ٢) لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كرا، بۆ ئەو مەبەستەش د.یوسف گۆران وتی: ئەنجومەنی وەزارەت لە دواین كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریدا ڕێژەی (٥%) كورسی خوێندنی وەرگرتن لە زانكۆكان بۆ قوتابخانە نێودەوڵەتییەكان تەرخان بكات، وتیشی: ئامانجمان لەو بڕیارە ئەوەبوو كە خەڵكی دیكە بهێننە ناو سیستمەكەمان و بۆ خوێندن نەڕۆنە زانكۆكانی دەرەوە، وتیشی: بڕیاریدراوە تاقیكردنەوە نێودەوڵەتیەكانی (سات ١) و( سات ٢) بۆ وەرگرتن لە زانكۆكان ئەژمار بكرێت.
لە بەشی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا چەندین بابەتی دیكەی پەیوەست بە كاروباری خوێندكاران و كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و كاروباری كارگێڕی و دارایی و نوسراوی زانكۆكان تاوتوێكران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.