سیمینارێك تایبەت بە ئەلەمنیۆم و داڕشتەكانی بەڕێوەچوو
لە هۆڵی سیمیناری كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سیمینارێكی تایبەت بە ئەلەمنیۆم و داڕشتەكانی لەلایەن مامۆستا فریاد جەلال بەڕێوە چوو.
لە سیمینارەكەدا مامۆستا فریاد جەلال باسی لە گرنگی ئەلەمنیۆم كرد كە یەكێكە لە هەرە كانزا گرنگەكان و بەكارهێنانێكی یەكجار زۆری هەیە، بەهۆی كەمی چڕی و بەرگری زۆری دژی ژەنگ و گەیەنەری باش بۆ گەرمی و كارەبا، بە تێكەڵكردنی ئەلەمنیۆم لەگەڵ كانزاكانی دیكەدا وادەكات نزیكەی 8 جۆر خێزانی ئەلەمنیۆم هەبێت، هەریەكە و لە بواری تایبەتی خۆی بەكاردێت بەپێی ئەو تایبەتمەندیانەی ئەو جۆرە ئەلەمنیۆمە هەیەتی، ئەوەشی خستەڕوو كە خۆشبەختانە ئێستا كارگەیەكی زۆر پێشكەوتوو لە سلێمانی هەیە و بەپێی ستانداردی جیهانی جۆرێكی ئەلەمنیۆم لە خێزانی 6XXX بەرهەم دەهێنێت كە لە بواری دروست كردنی دەرگا و پەنجەرە و بابەتەكانی دیكەی بیناسازی بەكاردەهێنرێت.
مامۆستا فریاد لە چەند خاڵێكدا ئاماژەی بە هۆكاری سەرەكی ئەنجامدانی ئەم سیمینارە كرد :
١- هاندانی خوێندكاران بۆ گرنگیدانی زیاتر بەو بابەتانەی لە كۆلێج دەخوێنرێت و لە كارگەو كۆمپانیاكان كوردستان و سلێمانی جێبەجێ دەكرێت.
٢- ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی زانستی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی كۆلێج و زانكۆكەمان و بەرەوپێشچوونی بەرهەمی ناوەوەی هەرێمەكەمان و گرنگی دانی زیاتر بە زانستی كانزاكان كە لەچەند وانەیەكی وەكEngineering Materials, Metallurgy, Material Selection and Heat Treatment دەخوێنرێت لە بەشەكەمان وە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا سەدەها ملیۆن دۆلار خەرجكراوە بۆ بەرهەم هێنانی كانزایی وەك شیش و سێكشنی ئەلەمینیۆم و ئانگڵ ئایرۆن و سیم و وایەری كارەبایی و قوتوی خواردنەوە گازییەكان و زۆر بابەتی دیكە كە سودی لێوەردەگیرێت لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێمەكەمان، بۆیە گرنگی دان بە وانەكانی كانزاكان وادەكات چانسی وەرگرتنی خوێندكارانی دەرچووی بەشەكەمان زۆرتربێت، كە بەدڵنیاییەوە زۆر بە دڵسۆزانە كارەكانیان ڕادەپەڕینن بۆ تێپەڕاندنی قەیران و پێشكەوتنی زانستی و ئابووری زیاتری هەرێمەكامان و چیتر پشت نەبەسترێت بە ئەندازیارانی بیانی لە بواری كانزاكان.
لە كۆتایی سیمینارەكەدا بەڕێزیان ئاماژەیان بەوەدا بەنیازن پڕۆژەی دروستكردنی فڕن ئەنجام بدەن، كە بەبڕە پارەیەكی زۆر كەمی دەوێت، رەنگە تێچووی هەر فڕنێك بگاتە نزیكەی 50 هەزار دینار، كە وەرشە و تاقیگەكان و هەروەها بۆ پروژی ریساكلین دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت بە تایبەت لەو بابەتانەی كە فڕێ دەدرێت وەك قوتوی كۆلا و پیپسی، كە خوێندكاران دەتوانن بەكاریبهێنن دوای ریسایكلین كە بەمەش كۆلێج ئەركی كڕینی ئەو پێداویستییانەی لەسەر شان نامێنێت و بڕە پارەیەكی باش دەگەڕێتەوە بۆ كۆلێجەكە.