Back

زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لێكتێگەیشتنی ئەكادیمی لەگەڵ ژمارەیەك زانكۆی توركیا واژۆ دەكات

لەمیانی بەشداریكردنی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە سیمپۆزیۆمی زانكۆكانی كوردستان و توركیا كە لە شاری وان بەڕێوەچوو، لێكتێگەیشتنی ئەكادیمی لەگەڵ چوار زانكۆی توركیا واژۆ كرد، كە سەرجەمیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە باوەڕپێكراون. لەو بارەیەوە م.بەختیار شەریف بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەكادیمییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رایگەیاند: خۆشبەختانە زانكۆمان لەمیانی بەشداریكردنی سیمپۆزیۆمی زانكۆكانی كوردستان و توركیا لە شاری وان رێككەوتننامەی ئەكادیمیی لەگەڵ زانكۆكانی ( سێرت، فیرات، بینگۆل و یوزەنجول )ی وڵاتی توركیا واژۆ كرد، كە لە لیستی زانكۆ باوەڕپێكراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدان، وتیشی ” بەپێی رێكەوتننەكان خوێندكاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەتوانن لەو زانكۆیانەدا درێژە بە خوێندن بدەن و بە پێچەوانەشەوە، لە هەمان كاتیشدا رەخساندنی هەلی خوێندنی باڵا لە زانكۆكانی توركیا و ئەنجامدانی توێژینەوە و وۆرك شۆپ و كۆنفرانسی نێودەوڵەتی هاوبەش”. م.بەختیار شەریف ئاماژەی بەوەشكرد كە لە رێگەی زانكۆی یوزەنجول-ەوە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەچێتە ناو بەرنامەی ( مەولانا ) كە هاوشێوەی (Erasmus Programme ) ئەوروپییە، هەر لەمساڵەوە زانكۆمان سوودمەند دەبێت لەو بەرنامەیە كە لەلایەن حكومەتی توركیایەوە فەندێكی زۆری بۆ دابینكراوە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی خوێندكار لەگەڵ زانكۆی یوزەنجول-ی توركی، هەروەها ناردنی خوێندكارانی زانكۆمان بۆ ئەو زانكۆیە بۆ ئەوەی بەشداری لە خولی هاوینەدا بكەن. لەبارەی پلان و بەرنامەی داهاتووی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەكادیمییەكانی زانكۆ ئاشكرای كرد: ئومێدی رێكەوتننامەی زیاتر و باشتر دەكەین و چالاكی ئایندەشمان رێكەوتن دەبێت لەگەڵ كۆمەڵێك زانكۆی دیكەدا كە لە ئێستادا لە گفتوگۆداین لەگەڵ زانكۆكانی وڵاتی مالیزیا. شایەنی باسە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی تەكنیكی و زانستی خوێندكاران، تا ئێستا رێكەوتننامە و لێكتێگەیشتنی زانستی و ئەكادیمیی لەگەڵ 49 زانكۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا واژۆ كردووە.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile