Back

زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە بەرنامە و پلانی نوێیەوە پێشوازی لە خۆێندكارانی بەشەناوخۆییەكان دەكات و سیستەمی ئەلکترۆنی تۆمارکردنی خوێندکاران E-registration گەشەپێدەدات

بە چاودێری پ.د. هوشیار عبدالله عزیز سەرۆکی و بەسەرپەرشتی د. بەختیار عبید شریف یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، تیمی تەکنەلۆجیای زانیاری لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە ساڵی خوێندنی (2023 – 2024)ەوە سیستەمێکی ئەلکترۆنی سەردەمیانەى دروستکردووە بۆ تۆمارکردنی خوێندکارانی وەرگیراو لە زانکۆمان بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین، کە سیستەمەکە بە شێوەیەکی ورد هەموو مامەڵەکانی خوێندکاران لە خۆدەگرێت وەک پەیوەندیکردنی خوێندکار لەو بەشەی لێی وەرگیراوە و وەرگرتنی بەشەناوخۆیی بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بۆ یەکەمینجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەشەناوخۆیی بە ئەلکترۆنی دابەشکرا لە ساڵی ڕابردوو، وە تاکە زانکۆین کە بە درێژایی خوێندنی خوێندکار لە سەرەتای وەرگرتنی شوێنی لە بەشەناوخۆیی بۆ دابینکراوە و تا کۆتایی خوێندنەکەی لەو شوێنەدا دەمێنێتەوە (واتە ساڵانە پێویستی بە وەرگرتن و تۆمارکردنەوەی بەشەناوخۆیی نیە) ، هەروەها دروستکردنی ناسنامەى خوێندکار و مامەڵەکانی دیکەى خوێندکار کە لە پرۆسەى خوێندن پێویستە ئەنجامبدرێت، وە ئەم سیستەمە بە شێوەیەکی فراوانتر بۆ ئەمساڵی خوێندنی (2024 – 2025) بە ردەوام دەبێت و سەرجەم ڕێکارەکانی خوێندکار لە خۆدەگرێت لەسەرەتای وەرگرتنی خوێندکار هەتا دەرچوونی لە کۆلێج و پەیمانگەکانی زانکۆمان و وەرگرتنەوەی بڕوانامەى دەرچوون. شایەنی باسە کە ئەم سیستەمە ئەلکترۆنیە بەبێ بەرامبەر دروستکراوە لەلایەن ستافی کاروباری خوێندکارانەوە، تاکە مەبەست تەنها خزمەتکردنی زیاتری خوێندکارانی زانکۆمانە.
هەر بۆ ئەو مەبەستە سێشەممە ڕێکەوتی 8ی ئۆكتۆبەری 2024 لەهۆڵی پیرەمێرد لە سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دكتۆر بەختیار عبید شریف یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران لەگەڵ بەڕێوەبەر و لێپرسراوی سەرجەم هۆبەی بەشەناوخۆییەكانی كۆلێج وپەیمانگەكانی زانکۆمان كۆبۆوە و بەرنامە و پلانی كاركردن و دەستپێكی ئامادەكارییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بۆ پێشوازی لە خوێندكارانی بەشەناوخۆییەكان بۆ ساڵی خوێندنی 2024- 2025 ڕوونكردەوە..
لە میانەی كۆبونەوەکە دواین هەنگاوەكانی ئامادەكاری لە بەشەناوخۆییەكان وچۆنێتی پێشوازیكردن لەخوێندكاران و كردنەوەی دەرگای بەشەناوخۆییەكانی لەگەڵ لێپرسراوانی هۆبەكانی بەشەناوخۆییەكانی كۆلێج وپەیمانگەكان باسكردو ڕایگەیاند: بە هەوڵی سەرۆكی زانكۆ و دڵسۆزانی ئەم وڵاتە توانراوە بەشەناوخۆییەكان نوێبكرێنەوە و هەر كەموكوڕی و پێداویستیەك هەبووبێت پڕکراوەتەوە، بۆیە لەگەڵ دەستپێكی خوێندندا بەشەناوخۆییەكانیش بەڕووی خوێندكاراندا دەكرێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش داوایكرد کە ئامادەكارییەكان بۆ ئەو پرۆسەیە بەردەوام بن و خەمخۆرانە پێشوازی لە خوێندكاران بكەن و ئامادەکارییەکان تەواوبکرێت.
هەر لە كۆبونەوەكەدا گۆران سەردار کریم لێپرسراوای هۆبەی تۆماری ئەلکترۆنی لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سیستەمی تۆماركردنی ئەلكترۆنی بۆ تۆمارکردنی خوێندکارانی نوێ و وەرگیراوانی ساڵی نوێی خوێندن لە بەشەناوخۆییەكان بۆ ئامادەبووان ڕوونكردەوە وە ئاماژەی بەو گۆڕانكارییە پێویستیانە كرد كە لە سیستەمەكەدا ئەنجامدراوە كە بۆ ساڵی دووهەمینە لە لایەن تیمی ئای تی بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی سیستەمی ئەلكترۆنی بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە بەشەناوخۆییەكان بە شێوەی ئەلكترۆنی كاری پێدەكرێت بەبێ‌ ئەوەی هیچ بودجەیەك و خەرجییەك بكەوێتە سەر زانكۆ ئەوەش یەكێكی ترە لە دەستكەوتەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی.