زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لە بواری تەندروستی ئەنجام دەدات
رۆژانی (8و9/8/2017) لە شاری سلێمانی و بە چاودێری د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی پ. ی.د.ئالان فەریدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بەڕاوێژ و بەشداری كۆمەڵێك توێژەری بەتوانای نێودەوڵەتی، كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لە بواری تەندروستی و زانستە پزیشكییەكاندا بە ناونیشانی ( با هەمووان پێكەوە لە هەوڵی چارەسەركردنی سێكتەرە تەندروستییەكاندابین )،(we are all together to improve Kurdistan health sectors) ئەنجام دەدات.
سەرجەم ئەو توێژینەوانەی لەلایەن لیژنەی زانستی كۆنفرانسەكەوە پەسەند دەكرێت دواتر لە گۆڤارێكی نێودەوڵەتی بایەخداردا بڵاودەكرێتەوە، كە ئەمەش بۆ یەكەمجارە لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان كاری بۆ كرابێت.
هیوادارین توێژەرانی هەرێمی كوردستان و جیهان لە سەرجەم بوارە تەندروستی و پزیشكییەكاندا بە توێژینەوە پڕ بایەخەكانیان بتوانن كۆنفرانسەكە دەوڵەمەندتر بكەن و بە بابەت و توێژینەوە زانستییەكانیان و داتا پزیشكییەكانیان توێژەرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ئاشنا بكەن.
هەر بەڕێزێكیش پسپۆرییەكەی لە یەكێك لە بوارە پزیشكی و تەندروستییەكاندایە و ئارەزوومەندە توێژینەوە پێشكەش بكات دەتوانن تا بەرواری (16/6/2017) كورتەیەك لە توێژینەوەكانیان بنێرن بۆ ئیمەیڵی تایبەتی كۆنفرانس.
بۆ زانینی زانیاری زیاتر دەتوانن سەردانی ئەم ماڵپەڕە بكەن.