Back

زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەشدارێكی سەرەكی  دەبێت لە دووهەمین پێشانگەی نێکست ستێپ

بڕیارە رۆژانی ( ٢٢ بۆ ٢٤)ی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٤، لە كارگەی كولتوری لەشاری سلێمانی دووهەمین پێشانگەی نێکست ستێپ (Next step)  بەرێوەبجێ و پ.د.هوشیار عەبدوڵڵا عزیز سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە گفتوگۆیەک سەبارەت بە “خوێندنی تەکنیکی و گرفتەکانی لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی هەرێمی کوردستاندا” بەشداری تێدادەکات؛ هاوکات  زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی؛ بەشدارێکی سەرەکی دەبێت لە چالاکییە جوراوجۆرەکانی ئەم پێشانگە.

هاوکات لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ هەریەک لە د.بەختیار عوبێد شەریف یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران بە گفتوگۆیەک سەبارەت بە “زانکۆکانی کوردستان لەنێوان زۆریی دەرچووانی ئامادەیی و پڕۆسەی وەرگرتن_دا” و د.عەلی محەمەد ساڵح  بەرێوەبەری سەنتەری توێژینەوە بە گفتوگۆیەک سەبارەت بە “ڕۆڵی نێوەندە پەروەردەیی و ئەکادیمییەکان لە پاراستنی ژینگە و چارەسەری گۆرانکارییەکانی کەشوهەوادا” بەشداری لە گفتوگۆکانی نێکست ستێپ دەکەن و بەرێوەبەرایەتی تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە تیمێکی ڕێنمایی و ڕاوێژکاری و پڕکردنەوەی زانکۆلاین بەشدارە.

ئەم هەلە بۆ خوێندکارانی دەرچووی قۆناخی 12 ی ئامادەیی دەرفەتێکی گرنگە و بەرچاو روونی لەبارەی وەرگرتن لە زانکۆکان و بەشەجیاوازەکانی زانکۆ بەشدارەکان بۆ سەردانی کاران دەخرێتە روو.

نێکست ستێپ! کە بریتییە لە گەورەترین پێشانگە بۆ هەنگاوی داهاتوی خوێندنت، کە تێیدا خوێندکار و زانکۆکان کۆدەبنەوە. ئەم پێشانگەیە بۆ یارمەتیدانی خوێندکارانە لە ناوتۆمارکردن و وەرگرتنیان لە زانکۆی دڵخواز. لە ماوەی پێشانگەکەدا، دەتوانیت چەندین زانکۆی جیاواز بدۆزیتەوە و هەروەها ئاشنا بیت بەو هەل و ئۆفەرانەی پێشکەشتانی دەکرێت. تێیدا کەسانێک دەناسیت کە یارمەتیت دەدەن لە داواکاری پێشکەشکردن بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان. هەروەها لێرە فێر دەبیت دەربارەی یارمەتی دارایی و ئەو هەنگاوانەی دەبێت بینێیت بۆ وەرگیرانت لەم زانکۆیانە. ئەم پێشانگەیە ڕێگایەکی ئاسانە بۆ دۆزینەوەی هەڵبژاردەکانت و ئامادەکاری بۆ گەشتی پەروەردەیی داهاتووت.