Back

سه‌رۆكی زانكۆ پێشوازی له خوێندكارانی زانكۆ عه‌ره‌بییه‌كان‌ كرد کە لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی خوێندکارانی یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبیدا له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی میوانداری كرابوون

سێشه‌ممه‌ ٢٧ ی ئابی ٢٠٢٤ پ. د. هوشیار عبدالله‌ عزیز سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ ئاماده‌بوونی د.به‌ختیار عبید شه‌ریف یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران و د. ڕێباز جەلیل به‌ڕێوه‌به‌ری تۆماری گشتی زانكۆ، پێشوازیكرد له‌ ژمارەیەک خوێندكاری زانكۆکانی وڵاتانی عه‌ره‌بی كه‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگه‌ له‌لایه‌ن زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانییه‌وه‌ لەچوارچێوەی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی خوێندکارانی یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبیدا میوانداری كرابوون.

سه‌رۆكی زانكۆ له‌ ووته‌یه‌كدا به‌خێرهاتنی كردن و ڕایگه‌یاند شاری سلێمانی پایته‌ختی ڕۆشنبیرییه‌و شاری پێكه‌وه‌ ژیانه‌و زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانیش هه‌میشه‌ بۆ دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی و گه‌شه‌پیدانی توانا زانستییه‌كان له‌نێوان سه‌رجه‌م زانكۆكانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌شدا ئاماده‌یی هه‌یه‌ ، هیوای خواست له‌و ماوه‌یه‌دا كاتێكی به‌سوود‌یان به ‌سه‌ربردبێت و سوودیان له‌ئه‌زمونی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی وه‌رگرتبێت، دوپاتیكرده‌وه‌ ده‌رگای زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كراوه‌ ده‌بێت بۆ خوێندكارانی هه‌ر وڵاتێك كه‌ ئامانجی په‌ره‌پێدانی تواكانی خوێندكاران بێت.

پاشان بڕوانامه‌ی به‌شداری و خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی زانكۆ به‌خشرایه‌ هه‌ر (٧)خوێندكاره‌كه‌ کەلەسێ وڵاتی عه‌ره‌بییەوە هاتبوون، ئه‌وانیش زانكۆكانی ( سه‌ڵته‌نه‌ی عومان و فه‌ڵەستین و مصر).

 له‌به‌رامبه‌ریشدا خوێندكارانی میوان سوپاس و ستایشی هه‌وڵ و خزمه‌ته‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانیان كرد كه‌ زۆر دڵسۆزانه‌ ماوه‌ی مانگێك له‌گه‌ڵیان بوون و زۆر له‌ ده‌زگا زانستییه‌كان و شوێنه‌ گه‌شتیاری و مێژووییه‌كانیان بینیووە و ئاشناكراوون به‌ ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كان و شوێنه‌ گه‌شتیاری و مێژووییه‌كانی پارێزگای سلێمانی خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی بەبینین و مانەوەیان لە شاری سلێمانی و پێشكه‌وتنه‌ زانستییه‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا (٣) خوێندکاری زانکۆمان ئامادەبوون کە لە مەشقی هاوینە لە زانکۆکانی (مصر و سەڵتەنەی عومان) بەشداربوون و بەسەرکەوتوویی لە مەشقەکەیان گەڕانەوە.

له‌كۆتاییدا به‌شایسته‌یی و ڕێزێكی زۆره‌وه‌ ماڵئاوایی له‌خویندكاران كراو گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وڵاتی خۆیان.