Back

هەلی خوێندن بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بۆ (دەرچووانی پەیمانگە تەکنیکییە دوو ساڵییەکان حکومی و ناحکومی) بە سیستەمی خوێندنی پۆلیتەکنیک – پارالێل بۆ ساڵی خوێندنی (2024-2025) ڕاگەیەنرا

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی هەلی خوێندن بۆ (دەرچووانی پەیمانگە تەکنیکییە دوو ساڵییەکان حکومی و ناحکومی بەیانیان و ئێواران) ڕادەگەیەنێت بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە کۆلێجە تەکنیکییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە سیستەمی خوێندنی (پۆلیتەکنیک – پارالێل) بۆ ساڵی خوێندنی (2024-2025).

 مەرج و ڕێنماییەکانی پێشکەشکردن:

– پێشکەشکردن تەنها بە ئۆنلاین دەبێت لە ڕێگەی ئەم لینکەوە

– ماوەی پێشکەشکردن لە بەرواری (10/8/2024) دەست پێدەکات تاوەکو (1/9/2024) بەردەوام دەبێت.

– پێداویستییەکانی پێشکەشکردن (1- بڕوانامەی دبلۆم یاخود پشتگیری دەرچوون بەمەرجێک نمرەکەى نوسرابێت بە شێوازی ڕێژەى سەدی.2- کارتی نیشتمانی هەردوو دیوەکەى لەسەر یەک لاپەڕە. 3- تەنها بۆ فەرمانبەران: نوسراوی لاری نەبوون بۆ مۆڵەتی خوێندن).

– ناوی چواری وەک کارتی نیشتمانی داخڵ بکرێت بە ڕێنووسی کوردی.

– مەرجى تەمەن بۆ پێشکەش کردن لە (1/1/1984) وبچوکتر، واتە لە (40 ساڵ) زیاتر نەبێت.

– مەرجى نمرە بۆ پێشکەش کردن و کێبڕکێ بۆ (کۆلێجە تەکنیکییە ئەندازیارییەکان) نمرەی دبلۆمی لە (70%) کەمتر نەبێت.

– مەرجى نمرە بۆ پێشکەش کردن و کێبڕکێ بۆ (کۆلێجە تەکنیکییە تەندروستییەکان) نمرەی دبلۆمی لە (65%) کەمتر نەبێت.

– مەرجى نمرە بۆ پێشکەش کردن و کێبڕکێ بۆ کۆلێجە تەکنیکییەکانى (کارگێڕی، ئینفۆڕماتیک و کشتوکاڵی) نمرەی دبلۆمی لە (60%) کەمتر نەبێت.

– وەرگرتن تەنها بۆ بەشی هاوتا دەبێت.

– کاتی خوێندن بەم سیستەمە بەیانیانە، وە کاندیدی سەرکەوتوو ئەوانەی وەردەگیرێن ئەگەر فەرمانبەری حکومی بوون پێویستە نوسراوی لاری نەبوونی فەرمانگەکانیان هاوپێچ بکەن وە زانکۆمان بەرپرس نیـــە بەرامبەر فەرمانگەکانیان بۆ پێدانی مۆڵەتی خوێندن.

– ماوەی خوێندن بەم سیستەمە (4 ساڵە).

– خوێندکاری وەرگیراو لە (قۆناغی یەکەم)ەوە دەست بە خوێندن دەکات.

– یەک کورسی خوێندن لە هەربەشێک تایبەت دەبێت بە دەرچووانی (زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر – زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک – زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان) کە لە ڕێگەی نزیکترین زانکۆی پۆلیتەکینکییەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونیان داواکاری پێشکەش دەکەن.

– سەبارەت بە دەرچووانی (یەکەم و دووەم و سێیەمی بەیانیان و ئێواران)ی ساڵی خوێندنی (2023-2024)ی (تەنها پەیمانگەکانی زانکۆمان) لە ڕێگەى ئەم سیستەمەوە داواکاری پێشکەش نەکەن بەڵکو ئەو دەرچووانە بە لیستێکی جیا لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیەوەی زانستی وەردەگیرێنەوە لە کۆلێجە هاوتاکان.

– دەرچووانی (پەیمانگەی ئەهلی دوو ساڵی) دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بە مەرجێک بەشی هاوتای لە زانکۆمان هەبێت.

– هەر پێشکەشکارێک ڕێگەپێدراوە تەنها یەک جار فۆڕم پێشکەش بکات بە پێچەوانەوە لە کێبڕکێی وەرگرتن دوور دەخرێتەوە.

– هەر پێشکەشکارێک زانیاری هەڵە پێشکەش بکات لە کێبڕکێی وەرگرتن دوور دەخرێتەوە.

– مه‌رج نیه‌ هه‌ر خوێندكارێك كه‌ داواکارى پێشكه‌ش كرد وه‌ربگیرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ژمارەی کورسییەکانی خوێندن دیاریکراوە به‌پێی پلانی به‌شه‌ زانستییه‌كان، وە تەنها (نمره‌ی دبلۆم و پلانی وەرگرتن) ده‌كرێت به‌ پێوه‌ر بۆ ده‌ستنیشانكردنی خوازیاره‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان وە هیچ پێوه‌رێكی تر به‌كارناهێنرێت.

– دوای ووردبینی کردنی زانیاری پێشکەشکاران لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتیمانەوە ناوەکان لە لیستی پێشکەشکراواندا دەردەکەوێت.

بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی 10/8/2024