Back

بەئامادەبونى وەزیرى خوێندنى باڵا و کونسڵى ئەمریکا تاقیگەکانى ئەکادیمیاى سیسکۆ بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجیا لە سێ زانکۆی کوردستان کرانەوە

ئەمڕۆ سێشەممە (‏06‏/08‏/2024) لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر، بە ئامادەبوونى (د.ئارام محەمەد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، (مارک سترۆ)کونسڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و سەرۆکى هەریەک لە زانکۆکانى پۆلیتەکنیکى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و ژمارەیەک لە مامۆستایان و میوانان، تاقیگەکانى ئەکادیمیاى سیسکۆ بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ئەمریکی لە هەرێمی کوردستانى عێراق کرایەوە.

لەمیانەى پێشکەشکردنى وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: خۆشحاڵم ئەمرۆ لە ڕێورەسمی ڕاگەیاندنی تەواوبونی پرۆژەی (پەرەپێدانی تەکنۆلۆجیای ئەمەریکی) لە هەرسێ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سلێمانی و دهۆک لەگەڵتان بەشدارم، وتیشى: ئەم پرۆژەیە تایبەتە بە دەستەبەرکردنی تەکنۆلۆجیای ئەمەریکی سیسکۆ لە بواری نێتۆرکینگ و سایبەر سکیوریتی بۆ تاقیگەکانی کۆمپیوتەر لە هەر سێ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سلێمانی و دهۆک.

لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا؛ (د.ئارام محەمەد قادر) باسى لە گرنگى جێبەجێکردنى پرۆژەکە کرد و ڕایگەیاند: ئەم پرۆژەیە کاریگەری گەورەی لەسەر پرۆسەی خوێندن و ڕاهێنانی پراکتیکی لە بواری نێتۆرکینگ و سایبەر سیکیوریتی دەبێت، ئەوانەی لەم تاقیگانەدا ڕاهێنان دەکەن دەتوانن ببنە خاوەن بڕوانامەی ستانداردی نێودەوڵەتی و، لە سەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی دەتوانن هەلی کار بەدەست بهێنن، چونکە هەموو ئەو کارامەییانەی لەم تاقیگانەدا فێری خوێندکاران و قوتابیان دەکرێن، پێداویستی هەنوکەیی بازاڕی کاری کوردستان و ناوچەکە و جیهانن.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لایەنە گرنگەکانى دیکەى پڕۆژەکەى باسکرد و وتى: ئەم پرۆژەیە جگە لە گرنگى لایەنە زانستیەکەى، لە هەمان کاتدا پشتیوانیەکی سیاسی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان و، دوپاتى ئەوە دەکاتەوە، کە ئێمە بە تەنیا نین، وتیشى: چاوەڕێى ئەوە لە حکومەت و گەلى ئەمریکا دەکەین پەیوەندییەکانمان بچێتە قۆناغێکى باشتر بۆ بوژانەوەى زیاترى ژێرخانى زانکۆکانى کوردستان، لەو بوارەشدا خۆشحاڵین حکومەتی ئەمەریکا هاوکارمانە بۆ پەرەپێدانی تەکنۆلۆجیای ئەمەریکی لە ناو زانکۆکانمان و ڕاهێنانی توانا مرۆییەکانی وڵاتەکەمان بە نوێترین تەکنۆلۆجیا، جگە لەوەش لەگەڵ کونسڵگەری گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و ڕێکخراوی ئایرێکس ژمارەیەک پرۆژەی گەورەمان بە ئەنجام گەیاندوە.

د.ئارام محەمەد قادر لایەنێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ خستنەڕوى ستراتیژى وەزارەت و بۆ ئەوەش وتى: دیدگاى وەزارەت بەستنەوەى پرۆگرامەکانى خوێندنە بە بازارى کار، کردنەوەى ئەم تاقیگەیانە هاوکار و هەماهەنگى باشى پیادەکردنى ئەو ستراتیژەى وەزارەتەکەمانە، چونکە ئەرکى وەزارەت و زانکۆکان بریتییە لە پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەى کە لە بازاڕى کار هەیە، لەو چوارچێوەشەدا وتى: ئامانجمانە بایەخى زۆر بە خوێندنى پیشەیی بدەین و، کادیرى خاوەن سکیڵ و لێهاتو بۆ بازاڕى کارى کوردستان دروست بکەین، ئەگەر ئەو هەنگاو و ستراتیژە جێبەجێ نەکەین هەر لە ژینگەى ڕابردو دەمێنینەوە و ناتوانین پێشبکەوین و لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هەڵکەین ، هەر بەو جۆرەش دەتوانین پێکەوە هەستى نیشتیمانى و نەتەوەیی و خۆشەویستى بۆ وڵات و خاک زیاتر بکەین، زیاتر وتیشى: مایەى خۆشحاڵیە ئاماژە نێودەوڵەتیەکان پێمان دەڵێن دۆخى زانکۆکان باشن و بەرەو باشى زیاتر دەڕۆن، چونکە ڕۆژانە زانکۆ و سەکردە ئەکادیمیەکان لەهەماهەنگى و ئیمزاکردنى یاداشتنامەى لێکەتێگەیشتن لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان.

لە کۆتایی وتارەکەیدا؛ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسی تایبەت ئاراستەی حکومەت و گەلى ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و ڕێکخراوی ئایرێکس و کونسوڵگەرى گشتی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان کرد، کە بەشێوەیەکى بەردەوام هاوکارى وەزارەت و زانکۆکان بوون.

هەر لەو مەراسیمەدا؛ (مارک سترۆ) کونسڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان وتەیەکى پێشکەشکرد و، وتى: کردنەوەی ئەم تاقیگانە لەم سێ زانکۆیە بەڵگەی خۆبەخشی ئێوەی سەرکردەى ئەکادیمیە لە دروستکردنی باشترین ژینگەی فێربوون بۆ خوێندکار و قوتابیەکانتان، بۆیە سوپاسى وەزارەت و زانکۆ و ڕێکخراوى ئایرێکس دەکەم کە لە جێبەجێکردنى ئەم پرۆژەیە ماندووبون.

لەبارەى تاقیگەکانیش؛ کونسڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: تاقیگەکانی سیسکۆ بۆ پەرەپێدانى تەکنەلۆژیای ئەمەریکی لە هەرێمى کوردستان زانستى تەکنەلۆژیاى پێشکەوتووی ئەمەریکی پێشکەش بە نەوەی داهاتوو و پسپۆڕانی ئایتی کورد دەکات و، یارمەتیان دەدات فێری کارامەیی بەنرخی کۆمپیوتەر ببن و، زیاتر ڕکابەری لە بازاڕی کارى جیهانیدا بکەن، هەروەها مەشق و ڕاهێنان بۆ مامۆستایان دابین دەکەین.

لە کۆتایی وتەکەشیدا؛ دوپاتى سیاسەتى وڵاتەکەى کردەوە بۆ دابینکردنى ژینگەیەکى لەبار و گونجاو بۆ خوێندن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ یارمەتیدانی هێزی کاری لێهاتوو و بەهێزکردن و هەمەچەشنکردنى ئابورى هەرێمى کوردستان.

لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا، تاقیگەى ئەکادیمیاى سیسکۆ بۆ پەرەپێدانی تەکنۆلۆجیای ئەمریکی لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر لەلایەن د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، مارک سترۆ کونسڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرایەوە، پاشان تاقیگەکانیان بەسەرکردەوە و، لەلایەن سەرپەرشتیاران ئاشناى شێوازى کارکردنى هەریەک لە تاقیگەکان کران.

تاقیگەکانى ئەکادیمیاى سیسکۆ بۆ پەرەپێدانی تەکنۆلۆجیای ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان (Promoting American Technology in Iraqi Kurdistan Region) بە پاڵپشتی دارایی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە بڕى یەک ملیۆن و چوارسەد هەزار دۆلار لەلایەن ڕێکخراوى (USAID) ئەمریکى لە هەر سێ (زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پۆلیتەکنیکى سلێمانی و پۆلیتەکنیکى دهۆک) جێبەجێ کراوە، کە پێکهاتووە لە دروستکردنی (٩) نۆ تاقیگەی زانستی بەنوێترین ئامێرى زانستى سەردەمیانە لە بواری گەیاندن (Communication) بۆ هەرسێ زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکەی هەرێمی کوردستان، هاوکات بۆ هەریەک لەم تاقیگانە ڕاهێنانى تایبەت بەستافى نێوخۆیی و مامۆستایانى زانکۆکان لە بوارى (تێلیکۆمیونیکەیشن) و (ئاى تى) و (نێتۆرکینگ) کراوە بۆ ئەوەى بتوانن بەشێوەیەکى زانستى تاقیگەکان بۆ مەبەستى فێرکارى بەکاربهێنن.

جێبەجێکردنى پڕۆژەکە دەبێتە بەشێکى گرنگ لە پرۆسەی خوێندنی باڵا بۆ پێدانی بروانامەی ئەکادیمی لە بواری (Cyber Security) و تەکنەلۆجیایی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان، کە بەهۆیانەوە هەردو کەرتی گشتی و تایبەت بواری ئامادەکردنی کادری شارەزا و لێهاتوو لە ئاست پێداویستی بازاری کاریان بۆ دەرەخسێت، چونکە تاقیگەکان بە پێشکەوتوترین تاقیگە لە سەر ئاستی ناوچەکە بونیاد نراون.