Back

ژمارەیەک خوێندکاری وڵاتانی عەرەبی لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی مەشقی هاوینە ئەنجام دەدەن

بەسەرپەرشتی پ.د.هوشیار عبداللە عزیز سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، بە ئامادەبونی د.بەختیار عبید شەریف ی.سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانکۆ و بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی و بەڕێوەبەری سەنتەری CDC، ڕۆژی یەکشەممە (٤ی ئابی ٢٠٢٤)، لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پێشوازی لە ژمارەیەک خوێندکاری وڵاتانی عەرەبی( میسر و فەڵەستین و سەڵتەنەی عومان)کرا، کە بەمەبەستی مەشقی هاوینە سەردانی شاری سلێمانیان کردوە.

سەرەتا بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

پاشان وتاری بەخێرهاتن لەلایەن د.بەختیار عبید شریف ی.سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران پێشکەشکرا ؛ بەناوی سەرۆکایەتی زانکۆوە بەخێرهانتی خوێندکارانی میوانی کرد و هیوای خواست کە گەشتەکەیان پڕ لە زانست و زانیاری بێت، لە ماوەی مانەوەیان لە زانکۆ و شاری سلێمانیدا کاریگەری و یادگارییەکی جوان بەجێبهێڵن هەروەها هەموو پاڵپشی و هاوکاری زانکۆی بۆ دووپات کردنەوە بۆ سەرخستنی بەرنامەی مەشقەکانیان لە سلێمانی.

دواتر لەلایەن نوێنەری خوێندکارانی هەریەک لە وڵاتانی ( میسر و فەڵەستین و سەڵتەنەی عومان)، وتەیەکیان پێشکەشکرد و تیایدا سوپاسی هاوکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیان کرد و هیوایان خواست لەم گەشتەدا بتوانن زانیاری زیاتر وەربگرن و مەشقی پراکتیکی ئەنجام بدەن بە هاوکاری مامۆستایانی سەرپەرشتیار و کۆلێجەکان.

سەردانی ئەم خوێندکارانە لەچوارچێوەی پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی خوێندکارانی یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبیدا جێبەجێ دەکرێت بەوپێیەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئەندامێکی چالاکی رێکخراوەکەیە.