پەیامی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە ساڵیادی داگیرکردنی شەنگال و کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکاندا
۱٠ ساڵ لەمەوبەر، رێکخراوی تێرۆریستی داعش بە بەرچاوی کۆمەڵی نێودەوڵەتی؛ ئێزیدییەکانی لە ناوچەی شەنگال و باکووری عێراق کردە ئامانج و لە (3)ی ئابی (2014) شەنگالی داگیرکرد، لە ئەنجامی ئەم داگیرکارییەش زیاتر لە نیو ملیۆن ئێزیدی ئاوارە بوون، نزیکەی (150) هەزاریان لەسەر چیای شەنگال گیریان خوارد و بۆ ماوەی زیاتر لە دە ڕۆژ بێ ئاو و خواردن مانەوە و، نزیکەی ٣٥٠ هەزار کەس بۆ هەرێمی کوردستان و تورکیا و سوریا ئاوارە بوون، بە سەدانیشیان کەوتنە دەست ڕێکخراوی تێروریستی داعش و کۆمەڵکوژ کران یان بە دیل گیران و مامەڵەی نامرۆڤانەیان لەگەڵ کرا.
لەم ساڵیادەدا؛ زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی داوا دەکات کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی ڕێکاری جۆراوجۆرەوە، لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش بەرامبەر ئێزیدییەکان بکات، هەروەها چارەسەری کاریگەرییەکانی ئەو تاوانانە و پاڵپشتی ڕزگاربووان بێت، لە ڕێگەی هەوڵە جیاوازەکانەوە بۆ دووبارە هەستانەوە و چاکبوونەوە و ژیانەوە لە ناوچانەی کە ڕووبەڕووی جینۆساید بۆتەوە.
هاوکات؛ هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند ڕۆڵی گرنگ و بەرچاو بگێڕن لە سڕینەوەی شوێنەوارە نەرێنییەکانی ئەو کارەساتە لەسەر خاک و خەڵکی ناوچەکە.
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی