Back

نوێنەری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەشداری لە وۆرکشۆپێکی تایبەت بە باسکردنی  رۆڵى سەنتەرەکانى توێژینەوەى زانستى زانکۆکانى کوردستان دەکات

بە چاودێرى د.ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى/ فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان بەهەماهەنگى (سەنتەرى لێکۆڵینەوەى یاسایی و رامیارى) لە کۆلێژى یاساى زانکۆى دهۆک، وۆرکشۆپى ڕۆڵى سەنتەرەکانى توێژینەوەى زانستى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لە بەرەوپێشبردنى توێژینەوەى زانستى بەڕێوەبرد لە وۆرکشۆپکەدا پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر علی محمد صالح بەرێوەبەری سەنتەرى توێژینەوەى زانستى زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئامادەبوو.

لە وتەیەکدا بە نوێنەرایەتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، د. ژاڵە سەعید خەتات بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان ڕایگەیاند؛ توێژینەوەى زانستى خۆى دەنوێنێ لە بەشى دوەمى کارى وەزارەتەکەمان، کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە، ئەم بەشەش هەمان گرنگى و ئەولەویەتى هەیە لەپاڵ “خوێندنى باڵا”.

وتیشى؛ ئامانجى گرنگ لە دامەزراندنى سەنتەرەکانى توێژینەوە بریتی یە لە ئەنجامدانى توێژینەوە بۆ خودى توێژینەوە، بەڵکو بونى ئەم سەنتەرانە لە نێو زازنکۆکان هەر لە سەرەتاوە پەیوەستە بەو ئامانجە ویستراوانەى کە خودی سەنتەرەکان بناغەی دامەزراندیان لەسەر داناوەو هەنگاوى بۆ دەنێن، بۆیە دەکرێت سەرنتەرەکانى توێژینەوە دابمەزرێت بە مەبەستى پاراستنى کلتور و شوناسی نەتەوەیی. بۆ ئەم مەبەستەش هەمان سەنتەر بەڵگەنامە مێژوییەکان کۆ دەکاتەوەو دەیانپارێزێت، لەپێناو پارێزگارى کردن لە شوناسی نەتەوەو گواستنەوەى بەڵگەنامەکان بۆ نەوەکانى داهاتوو.

لە درێژەى وتەکەیدا بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان وتى؛ سەنتەرەکانى توێژینەوە لانکەى سەرەکى تاقیگە زانستییەکان و ئامرازە تەکنەلۆجیە پێشکەوتوەکانن، سەنتەرەکان هەمیشە دەرگایان واڵایە بۆ قوتابیان و خوێندکارانى بەکالۆریۆس و خوێندنى باڵاو توێژەران بە شێوەیەکى گشتى، تەنانەت هەمیشە دەرگایان واڵایە بۆ دەزگاو دامەزراوە حکومی و تایبەتەکانیش، بە مەبەستى دۆزینەوەى چارەسەر بۆ ئەو کێشەو گرفتانەى پێویستەو دەخوازێت چارەسەرییان بۆ بدۆزرێتەوە لە ڕێگەى ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و راوێژکردنى زانستى.

پاشان وتاری یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی دھۆک بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی بالا و راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی دھۆک پێشکەشکرا.

دواتر وۆرکشۆپەکە بە دوو دانشتن دەربارەی دەرفەت و بەربەستەکانی بەردەم سەنتەرەکانی توێژینەوەی زانستی زانکۆکان لە بەرەوپێشبردنی توێژینەوەی زانستی لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و گفتوگۆی چری لە بارەیەوە کرا.

لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، ژمارەیەک راسپاردە دەربارەی چۆنیەتی زیاتر کاراکردنی رۆڵی سەنتەرەکانی توێژینەوەی زانستی خرایەروو.