زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆیەكی قوبرس رێكەوتننامەیەكی زانستی واژۆ دەكەن
سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەمیانی سەردانە فەرمییەكەیدا بۆ قوبرس، رێكەوتننامەیەكی زانستی لەگەڵ زانكۆیەكی ئەو وڵاتە واژۆ كرد كە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە باوەڕ پێكراوە.
رۆژی دووشەممە 15\5\2017 پ.ی.د. ئالان فەریدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سەردانی وڵاتی قوبرس-ی كرد و لەلایەن پڕۆفیسۆر دكتۆر هەلیل نادری سەرۆكی زانكۆی زانکۆی نێودەوڵەتی قوبڕس (CIU) پێشوازییەكی گەرمی لێكرا و دوای گفتوگۆیەكی چڕوپڕ رێكەوتننامەیەكی زانستییان واژۆ كرد.
بەپێی رێكەوتننامەكە ئاڵوگۆڕكردنی خوێندكار و مامۆستا لە نێوان هەردوو زانكۆدا ئەنجام دەدرێت و، هەروەها ئەنجامدانی توێژینەوە و كۆنفرانس و سیمپۆزیۆمی هاوبەش لە نێوان هەردوو زانكۆ.
هەر لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەیدا سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سەردانی شاری وان دەكات و بەشداری لە سیمپۆزیۆمێك لە زانكۆی یوزەنجیلی توركی دەكات كە بڕیارە لە بەرواری 17 بۆ 19\5\2017 بە بەشداری زیاتر لە 9 زانكۆی بەناوبانگی توركیا و زۆربەی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لەو شارە بەڕێوەبچێت كە نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش تێیدا بەشدارە.