كۆمیتەیەكی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئوردن بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتننامەی تایبەت بە خوێندنی باڵا پێكهات
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێكەوتی ٩/٥/٢٠١٧ د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم لەگەڵ هەیسەم ئەبولفول كونسوڵی ئوردن لە هەرێم گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییە زانستی و ئەكادیمییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئوردن كرد بەتایبەت چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو ڕێكەوتننامەیەی، كە لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵای ئوردن لە ساڵی ڕابردوو ئیمزا كرا.
كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی د.ئیدریس هادی وەزیری پێشووتری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و د.ئامانج سەعید ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەكان بەڕێوەچوو، لە سەرەتادا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كورتەیەكی لەبارەی ئەنجامی سەردانەكەیان بۆ ئوردون و دیدار و كۆبونەوەكانی لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا-ی ئوردونی و زانكۆكانی ئەو وڵاتە بۆ وەفدی میوان خستەڕوو.
د.یوسف گۆران رایگەیاند: ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو ڕێكەوتننامەییە كە لە نێوان ئێمە و لایەنی ئوردنی ئیمزا كراوە، بۆ ئەوەش پێشنیازی پێكهێنانی كۆمیتەیەكی باڵا-ی كرد بۆ ئەوەی میكانزمەكانی جێبەجێكردنی خاڵەكانی ئەو ڕێكەوتنامەیە دابڕێژێت، لە هەمان كاتدا سیاسەتی گشتی پەیوەندییە زانستی و ئەكادیمییەكانی نێوان هەردولا دابنرێت، وتیشی: جێبەجێكردنی ئەو ڕێكەوتننامەیە ڕێگە خۆش دەكات بۆئەوەی پەرەی زیاتر بەپەیوەندییە زانستی و ئەكادیمیەكانمان بدەین، بەتایبەت بۆ ئاڵوگۆڕی ستافی زانستی و ڕەوانەكردنی خوێندكار و دانپیانان بە زانكۆكانی هەردولا.
لە بەرامبەردا، كونسڵی ئوردن خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانەی وەفدی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ وڵاتی ئوردن دەبڕی و بە گرنگییەوە باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئوردن كرد، بۆ جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەكەش كونسوڵی ئوردن سەرباری جەختكردنەوە لەسەر پێشنیازەكانی وەزیری خوێندنی باڵا، جەختی لە زووتر جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەكە كرد بە تایبەت دانپیانان بە زانكۆكان.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم و كونسوڵی ئوردن گفتوگۆیان لەبارەی چەند خاڵێكی دیكەی هاوبەشی نێوانیان كرد.