وەزارەتی خوێندنی باڵا ماوەی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی ماستەر و دكتۆرا درێژدەكاتەوە
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاگاداری خوازیارانی خوێندنی باڵا/ماستەر و دكتۆرا دەكات، كە ماوەی پڕۆسەی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا/ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ سیمستەری هاوینە درێژكرایەوە.
عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ خوازیاران، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بۆ ماوەی یەك هەفتە پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا/ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان درێژبكاتەوە، واتە تا كۆتایی دەوامی رەسمی ڕۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی (11-5-2017) پرۆسەی پێشكەشكردن بەردەوام دەبێت.
لەبارەی وادەی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی، عەباس ئەكرەم ڕایگەیاند تاقیكردنەوەی توانستی زانستی بۆ خوێندنی باڵا/ ماستەر بۆ ماوەی (١) یەك هەفتە دوادەخرێت، واتە لە ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی (21-5-2017) سەعات (10)ی بەیانی لە گشت زانكۆكان ئەنجام دەدرێـت، بەهەمان شێوە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی بۆ خوێندنی باڵا/ دكتۆرا بۆ ماوەی (١) یەك هەفتە دوادەخرێت، واتە لە ڕۆژی دوشەممە ڕێكەوتی (22-5-2017) سەعات (10) ی بەیانی لە گشت زانكۆكان ئەنجام دەدرێـت.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتیشی: دەستپێكی دەوامی ئەكادیمی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا بۆ سیسمتەری هاوینەی ساڵی (2016-2017) وەكو خۆی دەمینێتەوە واتە لە سەرەتای مانگی (7/تەموز) دەستپێدەكات.
سەبارەت بە پێدانی مۆڵەتی خوێندن لەلایەن وەزارەتەكانەوە، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشكرایكرد: كە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە نوسراوی ڕەسمی داوای لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كردووە گشتاندنێك بۆ سەرجەم وەزارەتەكان بكات بۆ پێدانی لارینەبوون بۆ پێدانی مۆڵەتی خوێندن لە ناوەوەی هەرێم لەلایەن وەزارەتەكان بەپێی پلان و پێویستی خۆیان، تا ئەوكاتەی پەیڕەوی تایبەت بەمۆڵەتی خوێندن لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەردەچێت.