Back

بۆ جێبەجێکردنى ستانداردەکانى دڵنیایی جۆريى ئەوروپى و نێودەوڵەتى(ESG) لە زانکۆکانى کوردستاندا خولێکى ڕاهێنان بەڕێوەچوو

ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٤ بۆ ماوەی سێ رۆژ ، بە سەرپەرشتيى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى و نوێنەرى زانکۆکانى کوردستان، لە شارى هەولێر بە هاوکارى ڕێکخراوى سپارکى هۆڵەندى، خولى ڕاهێنانى (TOT) ڕاهێنەرى ڕاهێنراوان بۆ ليژنەى داڕشتنى ڕێنمایی و ڕێبەر و ستانداردەکانى دڵنیایی جۆرى بەڕێوەچوو.
لە خولەکەدا کە دکتۆر بەختیار عبید شریف یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاورباری خوێندکاران وەک نوێنەری زانکۆی پۆلیتەکنکی سلێمانی لە لیژنەی (ESG) بەشداری تێداکردبوو؛ لە گوتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، وێڕاى دەستخۆشى لە ڕێکخەران و ئامادەکارانى ئەم خولى ڕاهێنانە، کورتەباسێکى لەبارەى پرۆسەى دڵنیایی جۆرى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و دانانى سیستمێکى دڵنیایی جۆرى کە پاڵپشت بێت بە ستانداردەکانى دڵنیایی جۆرى ئەوروپى و نێودەوڵەتى لە هەمان کاتدا بگونجێت لەگەڵ کلتور و بارودۆخى کوردستان پێشکەشکرد.

وەزیرى خوێندنى باڵا هه‌روه‌ها گوتى: ئەم خولى ڕاهێنانە دەرفەتێکى زێڕینە بۆ بەشداربووان کە دەبنە ڕاهێنەرى جێبەجێکردنى (ESG) بۆلۆنیا پرۆسێس، کە هیوادارین بتوانن خول و سمینار و کۆنفرانسى جۆراوجۆر ئەنجام بدەن بۆ زانکۆکانمان.

پاشان د. محه‌مه‌د حسێن، سەرۆکى دەزگای سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى و سەرۆکى ليژنەى تایبەت بە مەبەستى داڕشتنى ڕێنمایيی تایبەت بە دڵنیایی جۆرى، ئاماژەى بە هەنگاوەکانى دەستپێکردنى پرۆژەکە کرد، کە بریتییە لە بەدەستهێنانى فەندێکى نێودەوڵەتى لەلایەن دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى بۆ ئەم پرۆژەیە، بە هاوکارى و هەماهەنگيى ڕێکخراوى سپارکى نێودەوڵەتى.