Back

لە پەیمانگەی تەکنیکی دوکان یەکەمین ئیڤێنتی زانستی و کارامەیی خوێندکاران بەڕێوەچوو

لەمیانەی بەڕێوەچوونی چالاکییە زانستییەکانی پەیمانگەی تەکنیکی دوکان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢١/٥/٢٠٢٤ بە چاودێری و ئامادەبوونی بەڕێز(د.هێمن عبداللە وستا أحمد) ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی دوکان، یەکەمین ئیڤێنتی زانستی و کارامەیی خوێندکاران بەڕێوەچوو.

ئەم چالاکییە زانستییە لەلایەن خوێندکارانی بەشی پەیوەندییەگشتییەکان و بەبازاڕکردنی پەیمانگەی تەکنیکی دوکان ڕێکخرابوو، کە کۆمپانیای سەفرە هاوکار و سپۆنسەری چالاکییەکە بوو.

ئامانج لە ئیڤێنتی زانستی و کارامەیی خوێندکاران گەشەسەندن و پەرەپێدانی بەهرە و توانا شاراوەکانی خوێندکارانی بەشی پەیوەندییەگشتییەکان و بەبازاڕکردنە لەبواری پیشە و پیشەسازی ریکلامدا و هەروەها ئامادەکردنی خوێندکارانی ئەم بەشەیە بۆ ژینگە و بازاڕی کار و دەرفەتێکە بۆ بەدەست هێنانی هەلی کار لەدامەزراوە تایبەتەکان و دامەزراوە میدیاییەکان.

سەرەتای چالاکییەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر وتاری ڕاگرایەتی لەلایەن بەڕێز(د.هێمن عبداللە وستا أحمد) ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی دوکان و وتاری لیژنەی ئیڤێنتی زانستی و کارامەیی خوێندکاران و سەرۆکایەتی بەشی پەیوەندییەگشتییەکان و بەبازاڕکردن لەلایەن بەڕێز(م.ئاراز علی عبدالرحمن) سەرۆکی بەشی پەیوەندییەگشتییەکان و بەبازاڕکردن پێشکەشکرا.

لە چالاکییە زانستیەکەدا (١٧) بەرهەمی ریکلامی بازرگانی نمایشکرا کە لەلایەن خوێندکارانەوە ئامادەکرابوون، دواتر لە پانێڵێکی زانستیدا هەڵسەنگاندن بۆ کۆی بەرهەمەکانی ریکلامی خوێندکاران کراو و لەلایەن بەڕێز (د.هەرمن شێرکۆ نصرالدین) سەرۆکی لیژنەی ئیڤێنت و بەڕێوەبەری پانێڵ گفتوگۆیەکی کراوە بۆ هەریەک لەبەڕێزان (پ.ی.د.پاڤێ جمیل أحمد) ڕاگری کۆلێجی زانستەمرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی و (پ.ی.د.کاروان عبداللە هەورامی) مامۆستای بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی و (د.دیاری حامد محمود) بەڕێوەبەری کۆمپانیای سولی میدیا بۆ بەرهەمهێنانی ریکلام، کە تیایدا پانێڵستەکان هەڵسەنگاندنی وورد و ڕێنمایی پێویستی لەسەر شێوازەکان و ئامادەکردنی ریکلام و هەروەها سەرنج و تێبینییەکانیان لەسەر ریکلامەکە پێشکەشکراوەکان بۆ خوێندکاران و ئامادەبووانی ئیڤێنتەکە خرایەڕوو. دواتر دەست خۆشیان لەخوێندکارانی ئەم بەشە زانستییە کرد کە بەرهەمەکانیان جێگای دڵخۆشییە وچاوەڕێی ئایندەیەکی باشیان لێدەکرێت.

دواتر لەلایەن لیژنەی ئیڤێنتەوە براوەی یەکەم و دووەم و سێیەمی بەرهەمەکانی ریکلام ئاشکراکران و لەلایەن بەڕێز(د.هێمن عبداللە وستا أحمد) ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی دوکان و کۆمپانیای سەفرە خەڵاتکران و دواتر لەلایەن سەرۆکایەتی بەشەوە براوەی بەرهەمی چوارەم و پێنجەم خەڵاتکران.

لەکۆتایشدا، ڕێزلێنانی ڕاگرایەتی پەیمانگەی تەکنیکی دوکان بەخشرایە لیژنەی هەڵسەنگاندن و لیژنەی ئامادەکاری ئیڤێنت و دواتریش سەرجەم خوێندکارە بەشداربووەکان بڕوانامەی بەشداربونیان پێشکەشکرا.