Back

زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی راسپاردەکانی دیداری زانستیی رەهەندی كارگێڕیی، یاسایی و ئابووری تایبەت بە پلە بەرزكردنەوەی وەزیفیی فەرمانبەران كە لە لایەن كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕیی بە هاوكاری ناوەندی یاساییی (ی.ن.ك) بەڕێوەچوو ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات

لە چوارچێوەی هەوڵەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بۆ بەدواداچوون و گفتوگۆکردن لە سەر ئەو پرسانەی كە پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی چین و توێژە جیاوازەكانەوە هەیە، كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە هاوكاری ناوەندی كاروباری یاسایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان؛ دیداری زانستیی رەهەندی كارگێڕیی، یاسایی و ئابووریی لە بڕیاری پلە بەرزكردنەوەی وەزیفیی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی ئەنجام دا .
لە دیدارەکەدا کە بە ئامادەبوونی د. هەڤاڵ ابوبکر پارێزگاری سلێمانی و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و خوێندکاران و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و حزبی ئامادەبوون وتاری هاوبەشی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلیمانی و ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێیتیی نیشتیمانی کوردستان ، گفتوگۆی دیدارەکە دەستی پێکرد ؛ پڕۆفیسۆر دكتۆر هێرش رەسوڵ رایگەیاند، ماوەی نزیكەی نۆ ساڵە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە، ئەوەش راستەوخۆ بارگرانییەكی زۆری لەسەر فەرمانبەران دروستكردووە و ناڕاستەوخۆش لەسەرشانی هەموو هاووڵاتیان و كاریگەریی نەرێنیی لەسەر جوڵەی بازاڕ داناوە.
‎وتیشی “لە روانگەی ئەوەی پێمانوایە؛ هەمیشە زانكۆ و كۆڕ و كۆبوونەوەی ناوەندە ئەكادیمییەكان پێویستە دابڕاو نەبن لە كۆمەڵ و ژیانی تاكەكانی و تەنگژە، كێشە و ئاریشە جۆراوجۆرەكان، بۆیە سازكردنی ئەو دیدارە زانستییەمان لەمكاتەدا بە گرنگ و پێویست زانی.” هیواشی خواست بابەتەكانی نێو دیدارەكە، ببنەهۆی دروستكردنی گفتوگۆی زانستیی و بابەتییانە و سەرەنجام خستنەڕووی راسپاردە و چارەسەری گونجاو.
‎پ.ی.د. جەلال عەبدوڵڵا وەک بەڕێوەبەری پانێڵ و هەریەک لە پ.د. كازم فەرەج، د. ئومێد عەزیز، پ.ی.د. كارمەران قادر وەک پانێلیست بەشداری دیدارەکە بوون.
‎ پ.د. كازم فەرەج ئاماژەی بەو كاریگەرییە خراپانە كرد كە بەهۆی دواخستنی پلە بەرزركردنەوە لەسەر كۆی فەرمانبەران دروستبوون، هەروەها
‎د. ئومێد عەزیز باسی لە دروستیی بڕیارەكە لە رووی یاسایی و پابەندبوونی بڕیارەكە لە چوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكانی بەرزركردنەوەی پلەی وەزیفیی کرد، پاشان پ.ی.د. كارمەران قادر تیشکی خستە سەر كاریگەریی بڕیارەكە لەسەر ئابووریی و داهات و جیاوازیی كاتەكان لە كاتی قەرەبووكردنەوەدا.
‎لە دیدارەكەدا، بە گشتی لە روانگەی رەهەندە كارگێڕیی و یاسایی و ئابوورییەكانەوە باس لە بڕیاری راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران كرا و بە پێویست زانرا حكومەتی هەرێم كار لەسەر راگرتنی بڕیارەكە بكات و دووبارە ئەو مافە بۆ فەرمانبەران بگەڕێنێتەوە.
‎هاوکات گرنگیی فشاری ئەرێنیی میدیا و رایگشتی بۆ دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوە بە گرنگ زانرا.
‎دواتریش بەشێك لە ئامادەبووان پرسیارو راو سەرنجیان ئاڕاستەی پانێلیستەكان كرد و وەڵام درانەوە
‎هەروەها بڕیاردرا کۆی راسپاردە و سەرنجەکانی دیدارەکە بە مەبەستی کارکردن لەسەریان، بگەیەنرێنە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەریی لە هەرێم.