Back

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەشداری کۆنفرانسی یونسکۆ دەکات سەبارەت بە ڕۆڵی دڵنیایی جۆریی لە بەهێزکردنی خوێندنی پیشەیی

ڕۆژی دووشەممە، 20ی ئایاری 2024، د. بەختیار ابراهیم سعید، مامۆستا لە کۆلێجی تەکنیکی ئینفۆرماتیک و لێپرسراوی بۆردی دڵنیایی جۆری بۆ پرۆگرامی TVET 2  لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وەک نوێنەری زانکۆ بەشداریی لە کۆنفرانسێکدا کرد بەناونیشانی “ڕۆڵی دڵنیایی جۆریی لە بەهێزکردنی خوێندنی پیشەیی” کە لە بەغداد بەڕێوەچوو. کۆنفرانسەکە کە لەلایەن یونسکۆوە لەچوارچێوەی پرۆگرامی چاکسازیی تەکنیکی و فێرکاری و ڕاهێنانی پیشەیی لە کوردستان و عێراق – قۆناغی دووەم (TVET2) ڕێکخرابوو، و لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پاڵپشتی بۆ دابینکرابوو، نوێنەری دامەزراوە جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کۆکردبوەوە لەنێویاندا زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک.

پرۆگرامی TVET2 کە لە لایەن یونسکۆوە جێبەجێ دەکرێت، بە چڕی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە لە عێراق و هەرێمی هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ ئامادەکردنی تاکە بەو زانیاری و لێهاتووییانەی کە پێویستن بۆ هێزی کار، بە ئامانجی ڕەخساندنی هەلی کارێکی بەردەوام بۆ گەنجان.

لە کۆنفرانسەکەدا تیشک خرایە سەر خستنەڕووی ئەنجام و کاریگەرییەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی دڵنیایی جۆریی لە پڕۆژەیەکی تاقیکاریدا کە پێنج قوتابخانەی پیشەیی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەشداربوون. هەروەها کۆنفرانسەکە بنەماکانی دڵنیایی جۆریی لە خوێندنی پیشەییدا ڕوون کردەوە و گرنگی کولتوری دڵنیایی جۆریی خستەڕوو. سەرەڕای ئەوەش، ڕۆڵی خوێندنی پیشەیی دڵنیایی بەرزی لە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا تاووتوێکرا.