نوێنەری سەرۆکی زانکۆ لە بەغدا بەشداری لە دیداری ئایندەی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەکات
د. بەختیار عبید شریف، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران بە نوێنەرایەتی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ، لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و نوێنەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دهۆک، لە بەغدا لە ڕۆژانی ١٥ و ١٦ی ئایار بەشداری لە دیداری ئایندەی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا کرد.
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران لەگەڵ هەریەک لە بەڕێزان د.محەمەد حسێن، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و د.یاسین صالح، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان و نوێنەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دهۆک بەشداری لە دیدارەکەدا کرد.
دیدارەکە بە بەشداری د. نەعیم عەبودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق و نوێنەرایەتی سەرجەم زانکۆ تەکنیکیەکانی عیراق بە پشتیوانی یەکێتی ئەورووپا و یونیسکۆ بەڕێوەچو، کە ماوەی دوو رۆژی خایاند و تاوتوێی ڕاسپاردەکانی ئایندەی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا کرد .
د. بەختیار عبید شریف یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران سەبارەت بە چالاکییەکانی کۆنفرانسەکە وتی” ئامادەبوونێکی فراوانی ئەکادیمی و نوێنەرایەتی زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بینرا و وتاری وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیژنەی باڵای گەشەپێدانی پەروەردەیی لە دیوانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و نوێنەری هەرێمی کوردستان و نوێنەری یەکێتی ئەوروپا و یونسکۆ لە عێراق پێشکەشکران.
هەر لە کۆنفرانسەکەدا؛ چەندین دیدار و چاوپێکەوتن ئەنجامدران کە تایبەت بوون بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لە بواری ڕاهێنانی پەروەردەی تەکنیکی و پیشەیی و ستراتیژی ڕاهێنان کە رێکخراوی یونسکۆ بۆ پەروەردە و پەرەپێدانی ڕێگا ستراتیژییە سەرەکییەکان پێشکەشی عێراق دەکات بۆ ئاراستەکانی پەروەردە و ڕاهێنان، لەگەڵ گۆڕینی پەروەردە و ڕاهێنان لە عێراق و دەستگەیشتن بە پەیوەندی زانکۆکان لەگەڵ بازاڕی کاردا.