Back

كارەكانی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی دیجیتاڵمیدیاو كاریگەریی لەسەر ئاسایشی كۆمەڵگا لەسایەی یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەهۆڵی كۆنفرانسی زانكۆی نۆلج لەشاری هەولێر دەستیپێكرد

سەعات 10و 30 خولەكی پێشنیوەڕۆی 27/4 بەئامادەبوونی ژمارەیەك لەستافی ئەكادیمی هەر دوو زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و نۆلج و ژمارەیەكی زۆر لەتوێژەرانی ناوەوەو دەرەوەی هەرێمی كوردستان مەراسیمی دەستپێكردنی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی دیجیتاڵ میدیا و كاریگەریی لەسەر ئاسایشی كۆمەڵگا لەسایەی یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەهۆڵی كۆنفرانسی زانكۆی نۆلج لەشاری هەولێر دەستیپێكرد.

سەرەتا مەراسیمەكە بەدەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان و مارشی نیشتمانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد .

پاشان چەند دیمەنێكی ڤیدیۆیی لەبارەی هەردوو زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی نۆلج نمایش كرا‌و تیایدا داتا سەبارەت بەژمارەی كۆلیژ و بەشەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و نۆلج و پلان و ئامانجەكانی هەردوو زانكۆكە خرایەڕوو.

دواتر د.ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی نۆلج وتاری هاوبەشی هەردوو زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و نۆلجی خوێندەوە.

لە وتارەكەیدا سەرۆكی زانكۆی نۆلج وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان ئاماژەی بە بایەخ و كاریگەریی توێژینەوەكانی پەیوەست بە دیجیتاڵمیدیاو كاریگەریی لەسەر كۆمەڵگا كرد، لەم سەردەمەدا كە بەكارهێنانی دیجیتاڵمیدیا ناكەوێتە ژێر هەژموون‌و كۆنترۆڵی هیچ یاسا و بەمەش كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر كۆمەڵگا.

داواشیكرد كارەكانی دیجیتاڵمیدیا بەیاسا رێكبخرێت بەجۆرێك كاریگەریی نەرێنی لەسەر كۆمەڵگا نەبێت و كۆمەڵگا لەلێكەوتە خراپەكانی بپارێزرێت.

هەر لەمەراسیمەكەدا قەڵغانی هەردوو زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی نۆلج لەلایەن د.بەختیار عبید یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیك بۆ كاروباری خوێندكاران و نوێنەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كۆنفرانس و د.ئەحمەد دزەیی ئاڵوگۆڕكرا.

پاشان د.هێرش رەسوڵ راگری كۆلیژی تەكنیكی كارگێڕیی‌و سەرۆكی لیژنەی زانستی كۆنفرانس، وتاری كۆنفرانسی پێشكەشكرد.

لەوتارەكەیدا راگری كۆلیژی تەكنیكی كارگێڕیی وتی: رێكخستنی كۆنفرانسەكە بەرهەمی شەش مانگ كاری بەردەوام و هاوبەشی هەردوو بەشی تەكنیكی میدیای كۆلیژی تەكنیكی كارگیڕیی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بەشی یاساو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی نۆلجە.

وتیشی: لەمیانی كۆنگرەكەدا بیرۆكەی بایەخدار سەبارەت بەبەكارهێنانی ئاشتیانەی دیجیتاڵمیدیا دەخرێتەڕوو.

كۆنفرانسی “میدیای دیجیتاڵی و كاریگەرییەكانی لەسەر ئاسایشی كۆمەڵگا لەسایەی یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانە” بەبەشداری توێژەران لە یانزە زانكۆی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت ‌و تیایدا چل توێژینەوەی پەیوەنددار بەچەندین تەوەر پێشكەش دەكرێت.

ئەم کۆنفرانسە هاوبەشەی نێوان بەشی تەكنیكی میدیا لەكۆلیژی تەكنیكی كارگێڕی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بەشی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی نۆلج؛ كە رۆژانی شەممە و یەکشەممە (27 و 28ی نیسانی 2024) لە هۆڵی کۆنفرانسی زانکۆی نۆڵج لە هەولێر بەڕێوەدەچێت درێژکراوەی یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی میدیا و پرسی نەتەوەیی-ە؛ ساڵی 2019 لە لایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە هۆڵی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی رێکخرا.