لە ساڵڕۆژی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی كوردی کە لەساڵی 1898ز لەلایەن بەدرخانییەکانەوە بەناوی (کوردستان) لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر دەرچوێنرا، سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆژنامەنوسان دەکات و دەخوازێت ساڵ بە ساڵ ڕەوتی ئازادی بیروڕا و کاری ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان فراوانتر بکرێت.
لە کاتێکدا کە یادی 126 ساڵەی رۆژنامەگەری دەکرێتەوە، هەرێمی كوردستان خاوەنی دەها دەزگای میدیایی پێشکەوتووە لە بوارەكانی (بینراو و بیستراو و خوێندراو) جگە لە ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنی کە پانتاییەکی گەورەی داگیرکردووە و کاریگەری گەورەی دروستکردووە لەسەر کۆی پرسە جیاوازەکان و فراوانکردنی ئاستی رۆشنبیری و کرانەوە بەرووی جیهاندا.
لەم یادەدا، پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنوسان و دەزگاکانی راگەیاندن و سەندیکا و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان دەکەین و دوپاتی دەکەینەوە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە گرنگییەوە دەڕوانێتە بواری ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن و بەکردار کاری بۆ کردووە و بەشی تایبەتی لە هەردوو کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕی و پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی کردۆتەوە و ساڵانە کادیری ڕاگەیاندنی ئەکادیمی پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکات.
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی
22ی نیسانی2024
