Back

چەند بڕیارێکى گرنگ لە ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى-ەوە

لە زانکۆى سلێمانى، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆبۆوەو چەند بڕیارێکى گرنگى دەرکرد

ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (2024/3/17) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت، کۆبونەوەى ژمارە ٢ى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە زانکۆى سلێمانى بەڕێوەچوو.

لە کۆبونەوەکەدا کە بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبون، لە دەستپێکدا دواى خوێندنەوەى کارنامەى کۆبونەوەو چەسپاندنى کۆنوسى کۆبونەوەى ڕابردو. لە وتەیەکدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سوپاسى ئاراستەى سەرجەم زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرد کە سەرەڕاى ئاڵنگارى و قەیرانەکان لە ئێستادا ئاستى زانکۆکانى کوردستان لەسەر نەخشەى ئەکادیمى دونیا و لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى دیار و بەرچاوە، هەروەها زانکۆکانمان تونیویانە لەڕوى زانستى و بەرزکردنەوەى تواناى ئەکادیمى و کواڵتى هەنگاوى گرنگ بەرەو سەرکەوتن و پێشکەوتن بنێن.

لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ستراتیژى کارکردنمان لەم چەند ساڵەدا بریتى بوە لە فراوانکردنى پانتایى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان، چونکە لە ئێستادا بازاڕى کارى کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستى بەکادیرى تەکنیکى و پیشەیى و بەستنەوەى ناوەرۆکى پرۆگرامەکانى خوێندن هەیە بەپێداویستییەکان و پەرەپێدانى ئەو سکیڵ و کاراماییانەى کە بۆ بازارى کار پێویستن، بۆ ئەمەش وتى: پێویستە کردنەوەو هێنانەکایەى بەشى نوێ لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەپێى پێداویستییەکانى بازاڕى کارى کوردستان بێت.

لەبارەى بەرنامەى کارى کۆبونەوەکە، تەوەرى یەکەم تایبەت بوو بە داواکارى ژمارەیەک لە قوتابیان و خوێندکارانى (دبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤)، کە لە تاقیکردنەوەى خولى دووەمى سیمستەرى یەکەم دەرنەچون، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە پێدانى دەسەڵات بە ئەنجومەنى زانکۆکانى کوردستان بۆ بریاردران و یەکلاکردنەوەى کۆى کەیسەکانى هاوشێوە لەناو ئەنجومەنى زانکۆکان.

تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە ئالیەتەکانى وەرگرتنەوەى کرێى خوێندنى بەرایی (پارالێل+ ئێواران) لە خوێندکاران و قوتابیانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، کە بەشێکیان بەهۆى خراپى بارى دارایی تاکو ئێستا کرێى خوێندن نەداوە، بۆ ئەمەش ئەنجومەنى وەزارەت بە ڕەچاوکردنى باور گوزەرانى دارایى خوێندکاران و قوتابیان، بڕیاریدا بە داشکاندنى (٢٠%)ى لە کرێى خوێندنى بەرایی (پارالێل+ئێواران) لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان، لە کۆى ئەو پارەیەى کە لەلایەن قوتابیان و خوێندکاران ماوە بیدات، بەمەرجێک پێش (٥/ ٥/ ٢٠٢٤) بە یەک قیست گشت پارەکە بدات، ئەمە تەنها بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) جێبەجێ دەکرێت.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا داواکارى خوێندکاران و قوتابیانى بۆردى کوردستانى کە بەشێوەى پارالێل وەرگیراون و لە سێ یەکەمەکانن و دانەمەزراون بە لێخۆشبوون لە کرێى خوێندن، گفتوگۆى لەبارەوە کراو ئەنجومەنى وەزارەت داواکارییەکەى پەسەندکرد.

هەر لە کۆبونەوەکەدا پرسى ئەنجامدانى ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان، بەمەبەستى دروستکردنى کێبڕکێى زانستى و ئەکادیمى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەبارەوە کرا، بۆ ئەمەش ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە ئەنجامدانەوەى ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەمەش فەرمانگەى تایبەتمەند لەگەڵ زانکۆکانى کوردستان ئامادەکارى پێویست ئەنجامدەدەن.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەلایەن بریکارى وەزارەت، کورتەیەک لەبارەى ئەو وۆرکشۆپە پێشکەش کرا کە ماوەى دوو هەفتەى ڕابردوو لەلایەن لێژنەى خوێندنى باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچو، تایبەت بە تاوتوێکردنى پرۆژەى یاساى خوێندنى باڵاى تایبەت لە عێراق، بۆ ئەمەش بریکارى وەزارەت ئەنجامى وۆرکشۆپەکەو دەرەنجامەکانى بۆ ئامادەبوان رونکردەوە.

لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا چەند پرسێک پەیوەست بە زانکۆکان لە ڕووى کارگێڕى و دارایى و زانستى و ئەکادیمى گفتوگۆیان لەبارەوە کراو پەسەندکران.