وۆركشۆپێكی تایبەت بە تەندروستی و سەلامەتی و فریاگوزاری سەرەتایی بەڕێوەچوو
لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری تەندروستی، بەشی شیكاری نەخۆشیەكان بە هاوبەشی لەگەڵ هۆبەی تەندروستی و سەلامەتی پەیمانگای تەكنیكی هەڵەبجەی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، وۆركشۆپی تایبەتی یەك ڕۆژەیان بۆ تەندروستی و سەلامەتی و فریاگوزاری سەرەتایی بۆ خوێندكارانی قۆناغی دووەمی سەرجەم بەشەكانی پەیمانگا رێكخست.
لە وۆركشۆپەكەدا خوێندكاران بنەما سەرەكیەكانی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی و شوێنی كار فێركران و بەشێوەیەكی زانستی و پڕاكتیكی لەلایەن ڕاهێنەری پسپۆڕەوە ڕاهێنانی پێویستیان پێكرا لەسەر حاڵەتە تەندروستییە كتوپڕەكانی وەك (خنكان، برینداربون، سوتان، شكاوی، زەبری سەر، ڕووداوی ئۆتۆمبێل، لەهۆش خۆچون، گەشكە و خوێنبەربون و هتد..)، هەروەها بەشێوەیەكی كرداری و زانستی، خوێندكاران فێری چۆنیەتی بوژانەوەی دڵ و سیەكان كران.
لە كۆتایی وۆركشۆپەشدا بەشداربووان بڕوانامەی بەشداریكردنیان پێدرا.