Back

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە یەكەمین كۆڕبەندی پەرەپێدانی هێزی كاری زانكۆی سۆراندا رایگەیاند دەرچووانی زانكۆكان پێویستە ببنە كارساز بۆ بازاری كار 

بە ئامادەبونی د. عبدالفتاح عبدالرزاق، بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران و ژمارەیەك لە سەرۆك زانكۆ حكومی و تایبەتەكان و ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و مامۆستایان و خوێندكاران، ڕۆژی یەكەمی یەكەمین كۆڕبەندی پەرەپێدانی هێزی كار لە هەرێمی كوردستان، لە زانكۆی سۆران بەڕێوەچوو.

کە پانێلێكی تایبەت تەرخانكرابوو بۆ قسەكردن لەسەر دوبارە داڕشتنی ئایندەی هێزی كار لە كوردستان: پێشەنگی زانكۆكان لە بەرزكردنەوەی پڕۆگرامەكانی خوێندن و كارامەییەكانی سەدەی بیست و یەك كە لەلایەن د.كارمەند عەبدوڵا حەمەد، ڕاگری فاكەڵتیی ئاداب بەڕێوەبردرا. تیایدا هەریەكە لە پ.د.هوشیار عەبدوڵا عەزیز سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران، د. فەرهاد قادر، سەرۆكی زانكۆی گەرمیان و د. ئیدریس هادی، سەرۆكی زانكۆی تیشك بەشداربون.

چەند بابەتێكی پەیوەست بە ئاستی زانكۆكان و رۆڵیان لە رەخساندنی كار بۆ دەرچووان خرایەڕوو لەو ڕوەوە سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ووتی: هیچ بەرنامە و پلانێك لە ناو زانكۆكاندا سەركەوتوو نابێ كە دووخاڵ لەبەر چاو نەگیرێت، ئەوانیش رەخساندنی ژینگەیەكی تەندروست بۆ خوێندكاران لە ناو زانکۆكاندا و پێویستە خوێندكاران هەست بەبوونی خۆیان بكەن، خاڵی دووەم پەیوەندی بە مامۆستای زانكۆوە هەیە و پێویستە مامۆستای زانكۆ مەهامی ئەكادیمی خۆی بگەیەنێت، تایبەتمەندییەكانیشی جیاوازبێ و بوونی بروانامەی ماستەر یان دكتۆرا بەس نیە بۆ ماموستای زانكۆ بەڵكو ئێمە پێوستمان بە مامۆستای پێشەنگە بۆ پێگەیاندنی دەرچووان و خوێندكارانمان.بۆیە رایگەیاند هەر بەرنامە و پلانێك بەبێ فەراهەم نەكردنی ئەم دوو خاڵە سەركەوتوو نابێ.

هەروەها رایگەیاند لە خوێندنی 2023-2024 ، 223 بەش كەمتر لە پانزە خوێندكاری وەرگرتووە ، وە بەش هەیە ستافی ئەكادیمی زیاترە لە خوێندكارانی وەرگیراوی، ئاماژەی بەوەشكرد كێشەی زۆر هەیە لە ناو زانكۆ حكومییەكاندا پێویستە هەموومان دەست بخەینە ناودەست بۆ تێپەراندن و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی ڕووبەڕوی زانكۆ حكومییەكان بۆتەوە هەروەها وتیشی ئێستا خوێندكار كە لەزانكۆكاندا دەردەچێت نمرەی بەرزی هەیە بەڵام لە بازاری كاردا کاری دەست ناكەوێت ئەوەش مانای ئەوەیە كێشیەك هەیە و پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە.

سەبارەت بە دۆخی زانكۆكان و رێژەی دەرچووان ووتی ساڵانە زیاتر لە 40 هەزار خوێندكار لە زانكۆكاندا دەردەچن و بڕوانامە وەردەگرن كە هیچ حکومەتێک ناتوانێت دایانبمەزرێنی بۆیە چارەسەری ئەم كێشەیە ئەوەیە لەگەڵ كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان هەماهەنگی بكەین و هەلی كار لەم سێكتەردا برەخسێنین ئەویش پێویستی بە پێداچوونەوەی پڕۆگرامەكانی خوێندن هەیە تا هاوتەریب بێت بە بازاری كار، دەرچووان بتوانن دوای تەواوكردنی خوێندن كاریان دەستبكەوێت، لەو ڕوەوە ووتی وەك وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی ئایرێكس لە جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوەدایە و ئێمەش وەك زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پشتیوانی ئەو هەنگاوە دەبین و لە یەكێك لە كۆلێجەكانی زانكۆماندا ئەو بەرنامەیە جێبەجێدەكەین.

سەبارەت بە پێداچوونەوەی پرۆگرامەكانیش ووتی پێویستە ڕەچاوی ناوچەیی و ناوخۆیی بكرێت بۆ ئەو ژینگەیەی كە زانكۆكەی تێدایە ، ئەوەش پرۆسەیەكی درێژخایەنە بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجە سەرەكییەكەمان كە ئەویش دەستكەوتنی كارە لە لایەن دەرچووانمانەوە.