Back

نوێنەری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەشداری لە دانانی ستراتیژى بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان دەکات

وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانسـتى بە بەشدارى مامۆستا ئەیوب کەریم سعید پسپۆڕی کۆمەڵناسی وەک نوێنەری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و مامۆستایـانى تری زانکۆکانى کوردستان لە پسپۆران و ئەکادیمیستان، ستراتیژێک بۆ رۆڵى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و بڵاوکردنەوەى هۆشیارى لە ناو کۆمەڵگەو زیانەکانى دادەڕێژێت.
ڕۆژی دوشەممە ڕێکەوتى (2024/1/12) بەسەرپەرشتى د. ئامانج عەبدوڵا سەعید، ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆکى لێژنەى ئامادەکردنى پلان و نەخشەڕێگەیەک سەبارەت بە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى لەناو کۆمەڵگەو زیانەکانى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و ئامادەبونى نوێنەرى سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان لە مامۆستایان و پسپۆران و شارەزایانى بوارەکە، کۆبونەوەى ئامادەکارى بۆ داڕشتنى ستراتیژى بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکدا د. ئامانج عەبدوڵا سەعید؛ لە وتەیەکدا ئاماژەى بە گرنگى بابەتەکە بۆ هەرێمى کوردستان و کۆمەڵگەکەمان لەسەرجەم ئاست و سێکتەرەکان کردو ڕایگەیاند؛ ئامانج لە کۆبونەوەکەمان دروستکردنى دیالۆگێکى بەرفراوانە لەنێوان دامەزراوەکان و زانکۆکانى کوردستان بۆ ئەوەى زانکۆکانمان بەشدارى کارا بکەن لە دروستکردنى ستراتیژێک بۆ بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و ئەو مەترسییانەى لەسەر وڵات و هەرێمەکەمان هەیە لەبارەى بڵاوبونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان.
لە کۆبونەوەکەدا کە مامۆستایانى زانکۆکانى کوردستان (حکومى و تایبەتەکان) کە شارەزاو پسپۆرى بوارەکەن و ئەزمون و شارەزایى کەڵەکەبویان هەیە ئامادەیبون، گفتوگۆى وردو چڕ کرا سەبارەت بە ڕاو سەرنج و تێبینییەکان بۆ ئەوەى هەموان پێکەوەو بەهاوبەشى لەگەڵ سەرجەم زانکۆکان بتوانین ستراتیژێک بۆ وەزارەت و دامەزراوەکان دابڕێژین بۆ چۆنیەتى بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، ئەویش بە بەشدارى بەشێک لە وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەکانى دیکەى حکومەتی هەرێمى کوردستان.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا چەندین راسپاردەو پێشنیازى گرنگ بۆ ئەرکى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا بەمەبەستى بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و رۆڵى هەریەک لە دامەزراوەکان بۆ ناوەندەکانى خوێندن و کۆمەڵگە گفتوگۆى لەبارەوەکرا.