پەیامی پیرۆزبایی سەرۆكی زانكۆ بەبۆنەی ساڵی نوێ یەوە
بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینی (2024)، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاودەكاتەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:
بەڕێزان:
ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ
مامۆستایانی بەڕێز
فەرمانبەرانی ئازیز
خوێندكارانی خۆشەویست…
بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێی زاینی گەرمترین پیرۆزبایی لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ و تەواوی مامۆستایان و فەرمەنبەران و سەرجەم خوێندكارانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و تەواوی كوردستانیان دەكەم.
بە دڵ و گیان هیواخوازین؛ هاتنی ساڵی (2024) ببێتە ساڵی بەدیهێنانی خەونە باڵاكانی نەتەوەكەمان؛ بەتایبەتی لە بواری فێركردن و داهێنان و بەرزكردنەوەی توانای داهێنەرانە و هزری مامۆستایان وخوێندكارانمان.
بە هەستێكی تایبەتەوە پیرۆزبایی لە خوێندكارە نوێیەكانمان دەكەین؛ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هەڵبژاردەیەكی دروست بوو كە تۆی خوێندكار لە تاقیكردنەوەكاندا سەلماندت كە شایەنی خوێندنی لە یەكێك لە كۆلێژ و پەیمانگە پێشەنگەكانی هەرێمی كوردستان. كە یەكەم ئەزموونی پیشەیی خۆت دەبێت و نهێنییەكانی پیشەی داهاتووت فێردەبیت.
لە ساڵی نوێدا دەمانەوێ لە بواری زانست و بەدەستهێنانی زانیاری بۆ زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمیەكانمان لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ساڵێكی پڕ بەرهەم و كۆشش بێت، مامۆستایان و خوێندكاران لە وەرزی نوێی خوێندن بەگڕوتینی زیاتر ڕوو لە ناوەندەكانی خوێندن بكەنەوە، پەرەی زیاتر بە بوارە زانستییەكانیان بدەن تا وەك هەمیشە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە پێشەنگی زانكۆكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بێت و، ڕۆڵی كارا لە بوژانەوەی سەرخان و ژێرخانی كوردستان بگێڕێت.
لەكۆتایدا هیوای لەش ساغی و بەختەوەری و سەرفرازی و سەركەوتن بۆ هەموو لایەك دەخوازین گەشبینین لە گەیشتن بە ئامانجەكانمان.
پرۆفیسۆر دكتۆر هوشیار عبداللە عزیز
سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی