Back

یادی 119 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردی بەرز ڕاگیرا

بەشی تەكنیكی میدیای زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە چەندین چالاكی جۆراوجۆر یادی 119 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردی بەرز راگرت و ژمارەیەكی بەرچاو لە خوێندكار و مامۆستا و میوان ئامادەی چالاكییەكان بوون. مەراسیمەكە لە كاتژمێر 10ی سەر لەبەیانی و بە ئامادەبوونی هەریەكە لە بەڕێزان پ.ی.د.ئالان فەرەیدون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و پ.ی.د.حەكیم عوسمان راگری كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی و دریڤان عەبدولقادر سەرۆكی بەشی تەكنیكی میدیا و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و چەندین كەسایەتی دیكە بەڕێوەچوو. لە ئێستادا بۆ كورد 22ی نیسان بۆتە رۆژێكی مێژوویی پڕ بایەخ، چونكە (119) ساڵ لەمەوبەرو لەم رۆژەدا، بەدیاریكراویش لە (22)ی نیسانی ساڵی (1898)دا، یەكەم رۆژنامە بە زمانی كوردی بەناوی رۆژنامەی (كوردستان) لە قاهیرەی پایتەختی میسر چاپ و بڵاوكرایەوە، میقداد مەدحەت بەدرخان، كەسایەتی دیاری بنەماڵەی بەدرخانیەكان، ئەو كەسەبوو كە رۆژنامەكەی چاپ و بڵاوكردەوە. لە دەستپێكی مەراسیمەكەدا مامۆستا دریڤان عەبدولقادر سەرۆكی بەشی تەكنیكی میدیا لە وتەیەكیدا ئاماژەی بەوەدا لە چوار ساڵی رابردووی بەشەكەیاندا بەدەرچواندنی خولێكی ساڵی پار، چەندین كادریان بەشێوەی ئەكادیمی میدیایی لە كوردستاندا پێگەیاندووەو لە ئێستاشدا بە هەوڵی دڵسۆزانەی هەموولایەك لە خزمەتی پێگەیاندنی چەند قۆناغێكی تری خوێندكارو نەوەی تردا دەبن. وتیشی “جێی خۆیەتی لەم یادەدا سوپاسی بەڕێز كاك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بكەین كە رۆڵی سەرەكی هەبووە لە دابینكردن و پڕكردنەوەی پێداویستیەكانمان بۆ دامەزراندنی ستۆدیۆیەك بۆ بەشەكەمان و كەلوپەلەكانی تایبەت بە بواری تەكنیكی میدیا، كە خزمەتێكی گەورەی پێشكەش بە بەشەكەمان و میدیاكارانی داهاتوو دەكات”. هەر لە مەراسیمەكەدا لەلایەن بەڕێز خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەدەوە ستۆدیۆی تایبەت بەو بەشە كرایەوە، كە چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوودا بەهەوڵی دڵسۆزانەی مامۆستایانی بەش خزمەتێكی بەرچاو بە خوێندكارانی هەر چوار قۆناغەكەی بەشی تەكنیكی میدیا بكات. هاوكات پ.ی.د.حەكیم عوسمان راگری كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی سەرەڕای بەخێرهاتنی میوانەكان دەستخۆشی ئاڕاستەی تەواوی ئەو میدیایانە كرد كە ئامادەی مەراسیمەكەبوون، هیواشی خواست لە داهاتوودا بەرەوپێشچوون و لێكتێگەشتنی زیاتر لەنێوان میدیاكاران و تەواوی دەزگاكانی دیكەدا دروست ببێت تابتوانرێت زیاتر خزمەتی میدیا و كۆمەڵگە بكرێت. بەشێكی دیكەی مەراسیمەكە نمایشكردنی ئەو كار و چالاكییانە بوو كە لەلایەن خوێندكارانی بەشەكەوە وەك بەشێك لە وانەی پراكتیكیان ئامادەیان كردبوو. لە وتەیەكدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رایگەیاند “خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین كە هەمیشە لە خزمەتی كۆمەڵی كوردەواری و زانست و خوێندكاراندا كار بكەین بۆ بەرز راگرتنی ئەم جۆرە یادانە تا بتوانین رۆڵی خۆمان ببینین وەكو دەزگایەكی رۆشنبیری خوێندنی باڵا لە ناو كۆمەڵگەكەماندا”. لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سوپاسی خوێندكاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و راگرایەتی كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی كرد كە بەوپەڕی دڵسۆزیانەوە كار بۆ پێشخستنی ئاستی زانستی خوێندكارەكانیان دەكەن. دواتر لەلایەن خوێندكارانی بەشی تەكنیكی میدیاوە بە گۆرانی و هەڵپەڕكێ كۆتایی بە مەراسیمی ئەمساڵی یادی 119 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردی هات.  
This shortcode LP Profile only use on the page Profile