Back

وەک یەکەم زانکۆ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٨٠٠ خوێندکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە کەرتی تایبەت ڕاهێنان وەردەگرن

سەنتەری پەرەپێدانی کار (CDC) لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە چوارچێوەی پرۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان (Internship) بە هاوکاری بەشە جیاوازەکان لە کۆلێژ و پەیمانگاکانی سەر بە زانکۆمان نزیکەی ٨٠٠ خوێندکار ڕاهێنانی تواناکان (Internship) وەردەگرن.
بۆ ساڵی ٢٠٢٢ – ٢٠٢٣ سەنتەری پەرەپێدانی کار (CDC) لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ٧٨٢ خوێندکار لە بەشەجیاوازەکانی زانکۆمان لە زیاتر لە ٢٠٠ کۆمپانیا و ڕێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت ڕاهێنان وەردەگرن.
ڕاهێنانەکە لە ٢/٧/٢٠٢٣ دەستی پێکردووە و تاوەکو ناوەڕاسی مانگی ٩ی ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت.
مامۆستا ئەیوب کەریم بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار (CDC)لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ڕایگەیاند: لە پرۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان (Internship) یەکەم زانکۆین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەو ژمارەیە لە خوێندکارانمان ڕاهێنان لە کەرتی تایبەتدا وەردەگرن، ئەم ڕاهێنانە دەروازەیەکە بۆ ئەوەی خوێندکارانمان ئاشنای ژینگەی کارکردن بن و دەرفەتی کاریشیان دەست بکەوێت لە ئایندەدا، هەروەها دەرفەتێکیشە بۆ کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت کە دەستی کاری شارەزا و لێهاتوویان دەست بکەوێت. سوپاسی سەرجەم بەش و کۆلێژ و پەیمانگاکان دەکەین بۆ هاوبەشییان لەناو پرۆگرامەکەدا.
پرۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان (Internship) یەکێکە لە پرۆگرامە بەردەوامەکانی سەنتەری پەرەپێدانی کار کە تیایدا خوێندکار بۆ ماوەی ١٠٠ کاتژمێر بەشێوەیەکی کرداری ئەو بابەتە تیۆرییانەی لە ماوەی ساڵانی خوێندیان وەریانگرتووە لە کۆمپانیاکان ڕاهێنانی لەسەر دەکەن وەک بەشێک لە پرۆسەی خوێندن و ئاشناکردنیان بە ژینگەی بازاڕی کار.