له هۆڵی فەرهادی كۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاح الدین، تاوتوێی تێزى دکتۆراى توێژەر ئەرکان رەئوف عزیز مامۆستا لهبهشی تەکنیکی میدیا بهناونیشانى (دۆخى بازاڕگەرى سیاسى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆڵى لە کێبرکى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا بە نموونە ) بەسەرکەوتویی کۆتایی پێهات، توێژەر لە بەردەم پ.ى.د.حکیم عثمان حميد ئەندام و سەرپەرشتیار، ئەندامانی تری لیژنە کە پێكهاتبوون له: پ.د.ئیبراهیم سعید فتح الله سهرۆك لێژنه ، پ.ى.د.صادق حمە غریب حمەصالح ، پ.ى.د.کاروان على قادر ، پ.ی.د.سارا محسین قادر، پ.ی.د. ظاهر حمدامین صابر، بەرگری لە ناوەڕۆکی تێزی دکتۆراکەی کرد ، ئامانجى ئەم توێژینەوەیە زانینى دۆخ و سروشتى بازاڕگەریى سیاسییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو ڕۆڵەى بازاڕگەریى سیاسی دەیبینێت لە کێبرکێی هەڵبژاردنەکاندا.
دواى هەڵسەنگاندن و شیکارى بۆ ئەنجامەکان، توێژینەوەکە بە کۆمەڵێک ئەنجام گەیشتووە، كە گرنگترینیان بریتین لە؛ پارتە سیاسییەکانى هەرێمی کوردستان زیاتر لە پاڵنەرێکیان هەیە بۆ بەکارهێنانى تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بە مەبەستى بازاڕگەریى سیاسی و پەیوەندیکردنى سیاسی، بەڵام زۆرترین پاڵنەریان بۆ بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەیە لەلایەن ژمارەیەکى زۆر لەخەڵکەوە بەکاردەهێنرێن . ئەنجامێکى ترى توێژینەوەکە ئەوەیە کە فەیسبووک گونجاوترین پلاتفۆرمى تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانه بۆ بازاڕگەریى سیاسی، بە پێچەوانەشەوە سناپچات بە شوێنێکى گونجاو نازانرێت بۆ بازاڕگەریى سیاسی.
