Back

به‌سه‌ر په‌رشتى سه‌رۆكى زانكۆ كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى زانكۆی پۆلیته‌كنیكى سلێمانى به‌رێووه‌چوو

به‌سه‌ر په‌رشتى پڕۆفیسۆر دكتۆر هوشیار عه‌بدوڵڵا عزیز سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى كۆبونه‌وه‌ى ئاسایى ئه‌نجوومه‌نى زانكۆ به‌رێووه‌چوو.

له‌ سه‌ره‌تادا سه‌رۆكى زانكۆ درێژه‌دانى پرۆسه‌ى خوێندنى له‌گه‌ڵ ڕاگرى كۆلێج و په‌یمانگه‌كان تاوتوێكردو ده‌ستخۆشى له‌ ڕاگر و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانكرد كه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ توانیویانە درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن و خوێندكاران له‌ پۆله‌كانى خوێندن دانه‌بڕێن ئه‌وه‌شى به‌ ئامانجى سه‌ره‌كى ئه‌نجومه‌نى زانكۆ دانا بۆ پێگه‌یاندنى خوێندكاران، بۆیه‌ بڕیارى دا سوپاس و پێزانین، ئاراستەی ته‌واوى ستافى کارگێری و مامۆستایان بكرێت له‌ پاى ئه‌و خه‌مخۆرییه‌ى پێشكه‌شیانكردوه‌، پاشان  له‌باره‌ى سیسته‌مى بۆلۆنیا و ڕێكاره‌كانى جێبه‌جێكردنى، یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆى بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا گرنگى پاپه‌ندبونی كۆلێج و په‌یمانگه‌كانى به‌ جێبه‌جێكردنى ته‌واوى ورده‌كارى ئه‌و پرۆسەیه‌ خسته‌روو بۆ خزمه‌تكردن به‌ پرۆسه‌ى فێربون و فێركردن، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به ‌هه‌واڵه‌كانى زانكۆكرد بۆ به‌ناوه‌ندیكردنى پرۆسه‌ زانستییه‌كان و هه‌نگاونان بۆ جێبه‌جێكردنى حكومه‌تى ئه‌لیكترۆنى له‌ میانه‌ى كاره‌ ئیدارى و زانستییه‌كان له‌گه‌ڵ خوێندكاران و مامۆستایان، بۆیه‌ ووتى گرنگه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك كاره‌كانمان بكرێته‌ ئه‌لیكترۆنى و كه‌مكردنه‌وه‌ى كێشه‌ وگرفت له‌ به‌رده‌م ئه‌م پرۆسەیه‌ی به‌ پێوست دانا، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌و هه‌نگاوه‌كانكرد کە ناویانە بۆ چاپكردنى نامیلكه‌یه‌ك بۆ رێبه‌رى دڵنیایى جۆرى، کە تێدا روونکردنەوەی پێوست لەوبارەیە دەخرێتەروو.

هه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا گرنگى زیاتر چالاككردنى ڕۆڵى ڕاگه‌یاندنى كۆلێج و په‌یمانگه‌كان ته‌ئكیدى له‌سه‌ر كرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى  له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتى ڕاگره‌كاندا كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن،  تا له‌ بوارى رانكیندا ئه‌و لایه‌نە خزمه‌ت به‌زانكۆ بكات، به‌شێكى ترى كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن ته‌رخانكرا بۆ باسكردنى كێشه‌و گرفتى خوێندكاران و له‌و رووه‌ یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى خوێندكاران تیشكى خسته‌ سه‌ر هه‌ندێ له‌و كێشانه‌ى له‌ ڕێگه‌ى كۆلێج وپه‌یمانگه‌كانه‌وه‌ ئاراسته‌یانكراوه‌ بۆیه‌ ئه‌نجومه‌ن بڕیارى پێوستى له‌باره‌وە ده‌ركرد.

هه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا له مانگى یه‌كى ساڵى داهاتوو، ئاهه‌نگى ده‌رچووانى سه‌رجه‌م كۆلێج و په‌یمانگه‌كان ئه‌نجام بدرێت كه‌ ژماره‌ى خوێندكارانى ده‌رچوو زیاترلە (5000) ده‌رچووه‌، ئه‌نجومه‌ن وێڕاى  پیرۆزباییان بڕیاریان له‌ باره‌وه‌ ده‌ركرد.

به‌شێكى ترى كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌ن ته‌رخانكرابوو بۆ كارنامه‌ى ئه‌نجومه‌ن، بڕگه‌ و خاڵه‌كان تاوتوێكرا و بڕیارى پێویستیان له‌باره‌وه‌درا، له‌كۆتایدا پڕۆفیسۆر دكتۆرهوشیار عه‌بدوڵڵا عزیز سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى ڕاسپارد هه‌موو هه‌وڵیك بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى خوێندن و خزمه‌تكردنى خوێندكاران.