پەیامی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لهیادی ١١٩ ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی
رۆژنامەنوسانی خۆشەویست
خاوەن خامە ڕەنگینەکانی کوردستان
لەساڵوەگەری تێپەڕبوونی (١١٩) ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی بەناوی (کوردستان) پیرۆزبایی لەخۆمان و ڕۆژنامەنوسان و ھەموو خاوەن قەڵەمێکی ئازا و بەھەڵوێست دەکەین.
ئەم یادە مێژوویەکی پڕ لەشانازیە بۆ گەلی کورد، لەکاتێکدا میقداد مەدحەت بەدرخان بەبیرو ھزرێکی سەردەمیانە دەستی دایە بارێکی قورس و ھەڵھێنانی یەکەم ھەنگاو بەئاراستەی بنیاتنانی بناغەی ڕۆژنامەگەری کوردی ئەرکێکی ھەروا ئاسان نەبوو ، بەڵام ئیرادەی نیشتمانی و نەتەوەیی لەھەر بەربەستێکی دی بەھێزتر بوو لەدەستپێکردنی کاروانەکەیدا.
لەم قۆناغەدا ئەرک و کارو رۆڵی نیشتمانی میدیایی قورسترو گەورەتربووە لەسەرجەم ڕوەکانەوە کە دەبێت مامەڵەی بەرپرسیارانە لەگەڵ روداوو ،ھەواڵ و پێشھاتەکان بکرێت، پێویستە یاساو ئیتیکی رۆژنامەوانی لەبەرچاوبگرێت،
میدیا ببێتە فاکتەری پێداگری لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕابردوو و ئێستاو داھاتووی گەلەکەمان، یەک گوتاری و ھاوھەڵوێستی لەسەر مەسەلە چارەنوسسازەکان مەرجی سەرکەوتنی ئیرادەی میللهتهكهمان بەڕووی دوژمنانی سەرسەختی گەلەکەمان.
بۆیە رەنگە ئێستا لەھەرکاتێک زیاتر میدیا ئەرک و بەرپرسیارێتی بکەوێتە سەرشان، پێویستە میدیاکانی کوردستان بەھەموو بوارەکانەوە (بینراو ، بیستراو ، خوێنراو ، ئەلیکترۆنی) ھاوشانی سەنگەرو بەرخودانی ھێزی پێشمەرگە رۆڵی ئەفراندن و ھۆشیاری فکری و دەرخستنی ڕاستییەکان بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا ببینن.
ئەخوازین ئەم یادە بکرێتە دەرفەتێک بۆ ھەماھەنگی و ھاوکاری زیاتری نێوان رۆژنامەنووسان و دام و دەزگاکانی ھەرێم و خزمەتی زیاتر بەپرۆسەی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین و زەمینەیەکی باشتر بۆ ئازادی رۆژنامەگەری بڕەخسێنین.
دوبارە پیرۆزباییمان ھەیەو دەخوازین ساڵی ئایندە لەکەش و ھەوایەکی ئازادتر بۆ ڕۆژنامەنوسانی کوردستان ئەم یادەبکرێتەوە.
درود و وەفا بۆ گیانی پاکی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی ژیانی خۆیان کردە قوربانی بۆ نیشتمان و پیشەکەیان
سڵاو بۆ ھێزی پێشمەرگەی قارەمان.
بەرێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چالاکییەکان زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی
٢٠١٧/٤/٢٢