Back

کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى تایبەت بە دەستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندن بەرێووەچوو

بەسەر پەرشتى پڕۆفیسۆر دکتۆر هوشیار عەبدوڵڵا عزیز سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى و بەئامادەبوونى یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و ڕاگرى کۆلێج و پەیمانگەکان، کۆبونەوەى ئاسایى ژمارە(٣)ی ئەنجوومەنى زانکۆ بەرێووەچوو .
سەرۆکى زانکۆ بە بۆنەى دەستپێکى ساڵى نوێى خوێندنەوە پیرۆزبایى لە سەرجەم خوێندکاران کرد و هیواى خواست ، بە پشتیوانى مامۆستایان و فەرمانبەران بتوانرێ پرۆسەى خوێندنى ئەمساڵى خوێندکاران وەک ساڵانى پێشوو بەسەرکەوتووى بەرێوەبچێ و خوێندکارانمان خوێندنەکەیان تەواوبکەن بۆیە بە پێزانینى زۆرەوە باسى رۆڵى مامۆستایان و فەرمانبەرانیکرد کە لە خۆ بوردوانە پرۆسەى خوێندنیان دەستپێکردو و دەرگاى سەرجەم کۆلێج و پەیمانگەکان و بەشە ناو خۆییەکانیان بەرووی خوێندکارانى قۆناغى یەک و قۆناغەجیاوازەکانى ترى خوێندن کردۆتەوە، هەروەها ووتى بەهەموو شێوەیەک پشتیوانى لە مافى مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەین و لەو پێناوەدا لەگەڵ سەرجەم لایەنە جیاوازەکانى حکومەتى هەرێم دیدارو کۆبونەوەمان ئەنجام داوە و کاردەکەین بۆ تێپەڕاندنى ئەم قۆناغە و بەدەستهێنانى ماف و شایستەیى مامۆستایان.
لەبەشێکى ترى کۆبونەوەکەدا ڕاگرى کۆلێج و پەیمانگەکان، هەنگاوەکانى دەستپێکى پرۆسەى خوێندنیان ئاماژە پێکردو، سەرۆکى زانکۆ و یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ سەرجەم ڕاگرەکانیان ڕاسپارد وەک یەک تیم بەهەموو شێوەیەک کاربکەن تا کێشەو کەم و کوڕى لەبەردەم پرۆسەى خوێندن دروست نەبێ هەروەها پشتیوانى خۆشیان بۆ هەر هەنگاوێک دەربڕى کە خزمەت بە پرۆسەى خوێندن بکات .
بەشێکى ترى کۆبونەوەى ئەنجوومەنى زانکۆ تەرخانکرا بۆ گفتوگۆکردن و رونکردنەوەى پەیڕەوکردنى سیستەمى بۆلۆنیا لە زانکۆ و ئەو گۆرانکاریانەى لەو روو پێوستە جێبەجێبکرێت ، بۆ ئەوەش بەرچاو روونى تەواو لەسەر ئەم پرۆسەیە لە لایەن یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى خرایە روو.