Back

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى؛ یەکەمین دیدارى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار (CDC)ى بەڕێوەبرد

بەئامانجى ناساندنى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار (CDC) و سودوەرگرتن و هاوبەشیکردنى ئەزمونى سێنتەرەکان لەگەڵ یەکتر، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەهەماهەنگى کۆنسڵگەرى گشتى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان یەکەمین دیدارى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار (CDC) بەڕێوەبرد.
لە ڕۆژانى (28-29 /10 /2023) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى هۆتێل شیراتۆن لە شارى هەولێر، بەئامادەبونى د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ڕاوێژکارانى وەزیر و بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و بەڕێوەبەرى گشتى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و نوێنەرى کۆنسڵگەرى گشتى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان و بەڕێوەبەرى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار لە دیوانى وەزارەت و زانکۆکان و ژمارەیەک لە پسپۆڕان و شارەزایانى بوارەکە، دیدارى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار بەڕێوەچوو.
لە وتەیەکدا د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تیشکى خستە سەر گرنگى رۆڵى سێنتەرەکانى کار لە زانکۆکانى کوردستان و گرنگى ئەنجامدانى ئەم دیدارە بەمەبەستى زیاتر ئاشنابون بە کارو ئەرکەکانى سێنتەرەکان و دانانى نەخشەڕێگەو کارى هاوبەشى هەریەک لە سێنتەرەکان لە ڕووى زانستى و کردارییەوە. بۆ ئەمەش پاڵپشتى وەزارەتى بۆ سەرخستنى ئەرکى سێنتەرەکان دوپاتکردەوە.
دواتریش د. خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون لە وتەیەکدا بەگرنگیەوە باسى لە کارى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار کرد و بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان بە گرنگیەوە لە کارى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار (CDC) لە زانکۆکان دەڕوانى بۆ ڕاهێنان و ئامادەکردن و ئاشناکردنى دەرچوان بە ژینگە و بازاڕى کار، لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا باسى لە کار و هەنگاوەکانى وەزارەت کرا بۆ چۆنیەتى هاندان و پاڵپشتیکردنى کار و پڕۆژەکانى سێنتەرەکان لە وەزارەت، هەروەک سوپاسى ڕێکخراوى (IREX)ى کرد، کە هەر لە سەرەتاوە هاوکار و هەماهەنگى وەزارەت بوون بۆ دامەزراندن و پەرەپێدانى کارى سێنتەرەکان، هیواشى خواست یەکەمین دیدارى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار (CDC) ببێتە وێستگەیەکى دیکە بۆ داڕشتنى نەخشەڕێی نوێى کارکردن و زاڵبون بەسەر ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان.
دوا بەدواى پێشکەشکردنى وتەکان، کارنامەى یەکەمین دیدارى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار (CDC) بەپێشکەشکردنى پانێڵێک بە ناونیشانى “سێنتەرەکانى (CDC) لە کوردستان لە ڕابردو بۆ داهاتوو” دەستى بەکارەکانى خۆى کرد، پاشانیش لە ڕێگەى پێشکەشکردنى چەند پانێڵێکى جیا؛ بەناونیشانەکانى (چۆنیەتى بەڕێوەبردنی کارى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار بە سەرچاوەی سنووردار، پرسەکانی ژنان لە هێزی کاردا و ئامادەکردنی خوێندکاران و قوتابیان بۆ داهاتوو، چۆنیەتى بەڕێوەبردنی پرۆگرامى گەورەی مەشق و ڕاهێنان، گرنگترین ئاڵنگارییەکان، پراکتیزە و خزمەتگوزارییەکانی CDC لە چوارچێوەی جیاوازدا، لەگەڵ چۆنیەتی بەشداریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار و ئاماژەدان بە سەرچاوە، بەرنامە و ڕاهێنانەکان کە بۆ CDC بەردەستن) گفتوگۆى ورد لەبارەى ناوەڕۆکى یەکەمین دیدارى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار (CDC) کرا، بۆ ئەوەش چەندین ڕاو سەرنج و پێشنیازى گرنگ لەلایەن ئامادەبوانەوە سەبارەت بە چۆنیەتى ڕوبەڕوبونەوەى ئاڵنگارییەکان و بەهێزکردنى ڕۆڵى ئافرەت و ژن لە دیاریکردنى هێزى کار و، سود وەرگرتن لەو سەرچاوە و پڕۆژانەى لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتى و ناوخۆییەکان پێشکەش بەسێنتەرەکان دەکرێن؛ خرانەڕو.
واش بڕیارە سەرجەم گفتوگۆ و بۆچونەکانى ئەو دیدارە، لەو چوارچێوەى کۆمەڵە پێشنیازێکدا گەڵاڵە بکرێن و دواتریش بکرێنە نەخشەڕێى کارى داهاتوى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار (CDC) لە زانکۆکان.